بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پڕشکۆی ٢٧ی ڕەشەممە

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پڕشکۆی ٢٧ی ڕەشەممە



ڕاپۆڕت/ مەتین قوربانی

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە ڕێوڕەسمی پڕشکۆی ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

بە بەشداری هاوڕێیانی سەرکردایەتی، کادر، پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان بۆ ڕێزلێنان لە فیداکاری و گیانبازی سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بەتایبەت هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و گوردانی شوان چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.

دواتر پەیامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەممە لە لایەن هاوڕێ کەوسەر فەتاحی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە خوێندرایەوە، پاشان ناوەندی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بۆ ڕێزلێنان لە خۆنەویستی و فیداکاری سەرجەم بنەماڵەی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی سەر بە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە کە لە ڕێزەکانی عەلەنی کۆمەڵە خەبات دەکەن چەپکە گۆڵی وەفاداری و برووسکەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزیانی کرد.

لە کۆتاییدا بۆ پەیمان نوێ کردنەوە و وەفاداری بە ڕێبازی پڕ لە سەروەری هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و گوردانی شوان سەردانی گڵکۆی سەربەرزی هاورێیانی گوردانی شوانیان کرد و تاجە گۆڵینەی وەفاداریان پێشکەش کردن.


ئه‌م بابه‌ته 434 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:53:17/03/2021