ڕێوڕەسمی پەیوەست بوونی پولێکی دیکە له لاوانی ئازادیخوازی کوردستان بە ڕیزەکانی کۆمەڵە

ڕێوڕەسمی پەیوەست بوونی پولێکی دیکە له لاوانی ئازادیخوازی کوردستان بە ڕیزەکانی کۆمەڵە


ڕاپۆڕت/ مەتین قوربانی
ئاسۆی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە 15ی فۆرییەی 2021ی زاینیی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی ئازادیخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی پەلی (شەهیدانی سەنگسار) کە بە فەرمی پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پڕ لە شانازی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سرودی بانگەواز، سرودی فەرمی کۆمەڵە دەستی پێکرد و پاشان بۆ ڕێز لێنان

لە گیانبازی و فیداکاری سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و هەروەها کۆمەڵە چەند ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.

دواتر پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، لە لایەن هاوڕێ ئیدریس کولاهدوزی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە) و بەرپرسی فێرگەی سیاسی- نیزامی پێشکەش بە بەشدار بووان کرا.

پاشان هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە چەک و پێناسەی حیزبی خۆیان لە دەستی هاوڕێ موحسین مەزڵووم یەکێک لە بەرپرسانی فێرگە وەرگەرت و بە شێوەی فەرمی بوون بە پێشمەرگەی کۆمەڵە.

دواتر کورتەیەک لە شەڕی حماسی و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە شەڕی سەنگسار لە لایەن هاوڕێ شەرمین بەهمەنی پێشکەش بە بەشدار بووان کرا.

پاشان پەیامی پەلی شەهیدانی سەنگسار لە لایەن هاوڕێ سەعدییە سوڵتانی بۆ ئامادە بووان خوێندرایەوە.

لە کۆتایی دا پەیامێک بە زاراوەی هەورامی لە سەر پێناسەی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە لایەن هاوڕێ شیوا ئیبراهیمی پێشکەش بە هاوڕێیانی بەشدار کرا و ڕێوڕەسمەکە بە سرودێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن پەلی تازە پێشمەرگەوە کۆتایی پێهات.



ئه‌م بابه‌ته 405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:37:16/02/2021