کوشتن و بریندار بوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران

کوشتن و بریندار بوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران

کۆڵبەرێكی گەنج لە کاتی کۆڵبەریدا لە سەر سنووری شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لە دەستدا.

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری سەردەشت بەرەو کاراوانێک لە کۆڵبەران بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "خالید ئەحمەدپوور" خەڵکی ئاوایی "وردە"ی سەر بە شاری سەردەشت کە خاوەنی هاوسەر و باوکی دوو منداڵە گیانی لە دەستدا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "هادیی ڕەزایی" لە کاتی کۆڵبەریدا لە سەر سنووری شاری مەریوان بە تەقەی چەکدارانی هەنگی سەر سنوور زۆر بە سەختی بریندار کرا، ناوبراو بۆ چارەسەر کردنی برینەکەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:13:04/02/2021