چارەنووسی "کرێکارانی هەفت تەپە" لە ململانێی باڵەکانی دەسەڵات دا

چارەنووسی
سیرویسی پرسی کرێکاران_ سیامەک فەلاح/ کرێکارانی "نەیشکەری حەوتتەپە" لە درێژەی مانگرتنەکەیان، بەرانبەر بە بینای فەرمانداری شاری شووش کۆبوونەوە.

هاوکات لەگەڵ ٥٦مین ڕۆژ لە مانگرتنی کرێکارانی نەیشکری حەوتتەپە، هەواڵنێری دەوڵەتی کار لە ئێران ئاماژەی بە وتەکانی "ئومید ئەسەدبەیگی" یەکێک لە خاوەنەکانی ئەو کۆمپانیایە کە بە تۆمەتی "ئاڵۆزی لە نیزامی ئەرزی" خەریکە موحاکمە دەکرێت کرد و لە زمانی "ئومید ئەسەد بەیگی"یەوە نووسی: وەدوا کەوتنی حەقدەستی کرێکاران بە هۆی داخرانی ئەو حیسابە بانکییەکانەوە بووە، ئێستا کە حیسابەکان کراوەن، بەڵێن دەدەم بە کرێکاران بە زووترین کات حەقددەستەکانییان پێبدرێت.

یەکێک لە بەرپرسانی باڵای "قووەی قەزاییە" کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە، وتەکانی "ئومید ئەسەد بەیگی" سەبارەت بە ئازاد بوونی حیسابە بانکییەکان ڕەد کردەوەو وتی: "هیچ حیسابێکی بانکی ناوبراو جگە لە ئەو حیسابەی کە کڕین و فرۆشی نایاسایی ئەرزی پێدەکرت، دانەخراوە."

"ئومید ئەسەدبەیگی" کە بە بارمەتە ئازاد کراوە، تا ئیستا چەندین جار داخرانی حیسابی بانکییەکانی بە هۆکاری دواکەوتن و پێنەدانی حەقدەستی کرێکارانی باس کردووە. ئەو بەرپرسە باڵایەی "قووەی قەزاییە" کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە، وتوویەتی: "ئومید ئەسەدبەیگی بۆیە ئازاد کراوە کە حەقددەستی کرێکارەکان بدات، ئەگەر ئەو کارە نەکات دەبێت بگڕێتەوە بۆ زیندان" و "ئەو حیسابە بانکییانەی ناوبراو کە کراوەن بەشی ئەو حەقددەستە دواکەوتوویانەی کرێکارەکانی، پووڵ تێدایە."

کرێکاران لە خوولی نوێی مانگرتنەکەیان کە لە ٢٦ی جوزەردانەوە دەستی پێکردووە، خوازیاری ئەوەن ئەو کۆمپانیایە لە دەستی دوو خاوەنی ئێستای بێتە دەرێ، حەقددەستە دواکەوتووەکان بە کرێکاران بدرێتەوە، کرێکارانی دەرکراو بگڕێننەوە سەر کار و سامانی ماددی ئەو کۆمپانییە کە دزراوە بگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکە.
"ئیسماعیل بەخشی" نوێنەری کرێکارەکان لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی، بەرپرسان لە خواستی کرێکاران بۆ کۆتایی هێنان بە خاوەندارێتی تایبەتی ئەو کۆمپانیایە چاو پۆشی دەکەن ، بەم چەشنە ڕێگا بۆ سپا و "ستاد فەرمانی ئیمام" هەمووار دەکرێت خاوەندارییەتی ئەو کۆمپانیایە بەدەستەوە بگرن.
نوێنەری شووش لە "مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی" دەڵێت: خاوەنی ئێستای ئەو کۆمپانیایە شیاوی ئەو خاوەندارییەتییە نییە و خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیایە دەبێت بسپێردرێتە کۆمپانیایەکی دەوڵەتی.
لە بەرامبەردا نوێنەری خامنەیی لە ئەهواز وێڕای پێناسەکردنی خاوەنی شیاو باسی و وەک نموونەی خاوەنی شیاو باسی لە  "بونیادی موستەزعەفان" ، "سپا" و "بونیادی بەرەکەت" کردووە و داوای کردووە کە شیرکەتی "هەفت تەپە"ش بدرێتە کەرتی سەربازی و ناوەندە نیزامییەکانی ڕژیم. 
کرێکارانی نەیشکەری هەوت تەپە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵەوە حەقددەستییان وەرنەگرتووە، بە وتەی "محەمەد کەعب ئەمیر" ئەندامی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، لە وەزارەتی کار  داوای کردووە ٢٠ میڵیاڕد تمەن وەک بیمەی کار بەو کۆمپانیایە بدرێت، کە تا ئێستا ڕوون نییە وڵامی ئەو داواکارییە چی دەبێت.

"کەعب ئەمیر" و چەند کەس لە ئەندامانی "مەجلیس" و ئیمام جومعەی ئەهواز، هەرچەند بانگەشەی پاڵپشتی لە کرێکاران دەکەن بەڵام مەبەستیان ئەوەیە خاوەندارییەتی ئەو کۆمپانیایە بدرێتە ناوەندە نیزامییەکان. "موسەوی فەرد"، ئیمام جومعەی ئەهواز، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ سەردانی شوێنی کۆبوونەوەی کرێکارەکانی کردووە و بە ڕاشکاوی وتی: بەڕێوبەرایەتی حەوتتەپپە دەبێ بە ناوەندە بەهێزەکان بدرێت، وەکوو : "بونیادی موستەزعەفان"، "ستادی فەرمانی ئیمام" یا "سپا".
کرێکاران پێشتر خوازیاری سپاردنی ئەو کۆمپانیایە بە شیرکەتی تەعاونی کرێکاران و خۆبەڕێوبەری ئەو کۆمپانیایە ببوون.
شیرکەتی نەیشەکەری هەفت تەپە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ژێر ناوی جێ بە جێ کردنی ئەسڵی ٤٤ی یاسای بنەڕەتی ئێران دراوەتە کەرتی تایبەت. کۆمپانیای خاوەندیاری ئێستای شیرکەتی هەفت تەپە بە بەڵێنەکانی پابەند نەبووە و کرێکارانی ئەو شیرکەتە چەند مانگە حەقدەستەکانیان وەر نەگرتووە و زۆرێک لە پاداشت و سوپسیتەکانی پێشوویان لێ زەوت کراوە. لە بەرامبەر دا ئەو بڕە سوپسیتەی کە دەوڵەت بۆ یارمەتی شیرکەتی نەیشەکەی هەفت تەپە داویەتی خاوەنی کۆمپانیاکە، لە بری تەرخان کردنی بۆ شیرکەتی هەفت تەپە، لە بواری هاوردە کردنی دۆلار بەکاری هێناوە و ئێستا لە دادگای ئینقلاب لە ژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە دان.

ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:17:09/08/2020