سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئابووری کۆماری ئیسلامی گوزەرانی خەڵکی کردووەتە جەهەننەم!

سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئابووری کۆماری ئیسلامی

گوزەرانی خەڵکی کردووەتە جەهەننەم!

سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئابووری کۆماری ئیسلامی

گوزەرانی خەڵکی کردووەتە جەهەننەم!

ئەرسەلان ئیحسانی

لە هەر وڵاتیکدا بابەتی ئابووری بە هۆی ئەوەیکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە بەردەوام لە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەی زانایانی ئەو بوارەدایە تا بتوانن بە کەڵک وەرگرتن و تاوتوێ کردن و دەست خستنی زانیارییەکان هەوڵ بدەن تا بتوانن گەشە بە ئابووری جیهان بدەن بۆ ئەوەیکە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو پێش بەرن و خۆشبژێوی لە ئاستێکی چاوەڕوانکراودا بێت. گرنگی بابەتی ئابووری تا ئەو ڕادەیەیە کە زۆرجار بۆتە هاندەرێک بۆ گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی و بگرە حکومەت لە وڵاتاندا، هەر بۆیە لە سەرەتای هاتنە سەر کاری خومەینی لە دوای شۆڕشی گەلان لە ئێران خۆی بە پاڵپشتی چینی فەقیر و کرێکار ناوزەد کرد و بە دانی ئەو دروشمەی کە «ئێمە پوڵ دێنینە سەر سفرەی هەژاران» توانییان تا ڕادەیەکی زۆر پاڵپشتی ئەو چینە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

ئێران بە هۆی بوونی نەوت و کانزا سروشتییەکان و هەروەها کەش و هەوای گونجاو، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەتوانێت لە بواری ئابووریدا ئیدیعای هەبێت، بەڵام ئەوەی دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبیندرێت پێچەوانەی ئەوەی سەلماندوو و لە ئێستادا پوڵی ئێران لە ئاستی دۆلاردا بەڕێژەیەکی زۆر دابزینی بە خۆیەوە بینیوە، هەر ئەوەش بووەتە جێی پرسیاری ئابووری ناسان و شڕۆڤەکارانی بواری ئابووری کە چییە هۆکاری داڕمانی ئابووری وڵاتێکی وەک ئێران کە لە دەستپێکی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانە بوو لە ناچەکەدا قسەی بۆ کردن هەبوو و ئێستا خەڵکەکەی لە بارودۆخێکدا دەژین کە وڵاتانی تر یارمەتی و خواردنیان بۆ دەنێرن؟

لە دەستپێکی کاری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی کۆسپ و لەمپەڕی زۆر هاتە سەر ڕێگای بەرەو پێش چوونی وڵات و گەشەی ئابووری، لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بگرە هەتا دزی و تاڵانکاری کار بەدەستانی حکومەتی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران کە خۆی کێشەکانی زیاتر لە جاران قوڵ کردەوە، بەڵام دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتداری ئەگەرچی پێشبینی گەشەی ئابووریەکی زۆر لە ئێران دەکرا، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی دیارە و ڕوونە داڕمانی ئابوورییە بە دواشیدا برسێتی و نائۆمێدی لە ناو خەڵکدایە.

لە ئێستادا دەسەڵاتداران، ئابووری خراپ و بژێوی نالەباری خەڵک بۆ گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتان ڕۆژئاوا و هاتنی ویروسی کۆرۆنا دەگەڕێنەەوە و بەم جۆرە خۆیان لە کێشەکان دەدزنەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیەکە ئەو پاساوانە تەنیا بۆ جەواشەی خەڵکە، ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتانە ناتواندرێت ڕەتکرێتەوە، بەڵام زۆربەی کێشەکان سەرچاوەی ناوخۆیی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ ناکارامەیی دەسەڵاتی بەڕیوەبەر و نوبوونی بەرنامەیەکی بەڕیوەبەری گشتی کورت خایەن و درێژ مەودا کە هۆکارەکەی هەمان ناکارامەیی بەرپرسان و کاربەدەستانە.

یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی خەڵک لە ئێستادا بێکاریە کە ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجان بە دەم ئەو کێشەیەوە دەناڵینن و دەبیندرێت کە کەسانێکی زۆر لەبەر نەبوونی کار و دەستخستنی بژێوی ژیان و شەرمەزاری لە ئاستی بنەماڵییدا خۆیان دەکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن. بە چاو خشاندنێک بە ڕاپۆرتی بانکی جیهانیدا کە سەبارەت بە هەل و بارودۆخی گونجاو بۆ دەستپێکردنی کار بۆ کەسی خوازیاری کار بڵاوی کردۆتەوە، ئێران لە ڕێزبەندی ١٩٠ وڵاتی جیهان بە پلەی ١٧٨ دێت کە واتە تەنیا لە ١٢ وڵات بارودۆخی دەست پێکردن و دەستبەکاربوون سەخت و دژوارترە لە ئێران کە ئەوەی جێ سەرنجە وڵاتانی کۆنگۆ و سۆمالی و ونزۆئیلا لەو ١٢ وڵاتان و وڵاتانی وەک عێراق و سوریە و یەمەن بە هۆی بوونی شەڕ و کێشە ناوخۆییەکان ئێستاش بارودۆخی دەستپێکردنی کار ئاسنترە لە ئێران و ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی نزمتردایە.ئەوەی ڕوونە کە بێکاری پەیوەندی بە گەمارۆی ئابووری و کۆرۆناوە نییە و دەوڵەت دەتوانێت بە کەم کردنەوەی تێچووکان و کات و لابردنی بەربەستە ئێدارییەکان زۆر بە ئاسانی ڕێگای کارکردن و دەستبەکاربوون بۆ خەڵک هەموار بکات.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی گەندەڵی و دزی و تاڵانکاری بە ڕادەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە ڕۆژانە لە میدیا و ڕۆژنامەکاندا باس لە دزی و گەندەڵی دەکرێت کە لە پشت هەمووویان دەستی پلەبالاکانی حکومی بە ڕوونی دەردەکەوێت. ئەوەش هۆکارەکەی بەوە دەگەڕیتەوە کاتێک ئێران گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر ناتوانێت پوڵەکانی کە لەڕێگەی فرۆشی نەوت دەستی دەکەوێت لە ڕیگای بانکە جیهانییەکان بیانهێنێتەوە ناوخۆ هەر بۆیە لە ڕیگای ژمارەی حسابی بانکی کاربەدەستان ئەو کارە دەکەن و هۆکاری ناردنی منداڵی کاربەدەستانیش ئەوەیە تا بچنە وڵاتان خەریکی پوڵ سپیکردنەوە (پولشویی) بن بۆ ئێران، بەڵام کاتێک پوڵیان دەست دەکەوێت تەنیا ڕێژەیەکی کەمی دەگاتەوە ناوخۆی وڵات و زیاتری لە نێو کاربەدەستاندا بەش دەکرێت و کەسیش پێشی پێ ناگرێت و تەنیا ڕێژەیەکی کەم لەو کەسانە کە دەکەونە بەر چاو بە شێوازێکی ڕووکەش و ڕواڵەتی سزادەدرێن و زۆربەیان لە وڵاتانی تر خەریکی کاسپی بە پوڵی خەڵکەوەن و خەڵکیش لە هەژاریدا دەژین. سپیکردنەوەی پوڵ تا ئەو ڕادەیە پەرەی ستاند کە دوای چەندین جار درێژکردنەوەی کات بۆ ئەوەیکە ئێرانFATF پەسەند بکات، ئێران هەر نەچووە ژێربار و پەسەندی نەکرد تا ئەوەیکە ئیران نێوی چووە ناو لیست ڕەشی ئەو ڕێکخراوەیەوە کە تەنیا بۆ ئەوەی یارمەتییەکانی بۆ هێزە نزامییەکانی دەرەوەی وڵات کە لە ژێر ناوی «سپای قودس» کاردەکەن بەردەوام بێت بێ ئەوەیکە ئاوڕێک لە خەڵکی فەقیر و هەژاری وڵاتی خۆی بداتەوە و هەروەها دەرنەکەوێت کە بە ڕاستی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە لە کوێ خەرج دەکریت خەرجی چێ دەکرێت.

هەروەها یارمەتی ماڵی و نیزامی بۆ حەشدی شەعبی، حیزبوڵلای لوبنان و عێراق و وڵاتانی شیعە و هتد، تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە و نەک گەمارۆ ئابوورییەکان کە لەم ڕۆژانەدا کۆرۆناشی پێوە زیاد بووە و هەوڵ دەدرێت گەندەڵی و ناکارامەیی زیاتر لە ٤٠ ساڵی خۆیان بە سەر ئەوانەدا ساغ کەنەوە. بە پێی ئاماری جیهانی کە بۆ گەندەڵی کاربەدەستان بڵاوی کردۆتەوە، لە ڕێژەی ١٨٠ وڵاتدا، ئێران بە پلەی ١٣٨م دێت. بەڵام ڕوونە کە گەندەڵی دەتواندرێت لە ناوخۆدا چارەسەری بکڕیت و پێویستی بە لابردنی گەمارۆ کان یان لە ناوچوونی کۆرۆنا نییە، بەڵام ئەم گەندەڵیانە تا ئەو ڕادەیە پەرەی ستاندووە کە سەرجەم بوارەکانی گرتۆتەوە و وەک ملوانکەیەک وایە کە بە پچڕانی بەنەکەی سەرجم موورۆکانی لێک بڵاو دەبنەوە هەر بۆیە ئاستەمە کەسێک بوێرێت دەستی بۆ بەرێت چوونکە بۆخۆشی بە جۆرێک دەستی تێدایە.

بە تاوتوێ کردنی کارنامەی ئابووری زیاتر لە ٤٠ ساڵی حکومەت ئێران زۆر جوان دەردەکەوێت تەواوی هەوڵەکان تەنیا بۆ کۆکردنەوە سەروسامانی دزی ئەو وڵتایە بۆ دوا ڕۆژی خۆیان کە دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵات و ڕووخانی کورسی دەسەڵاتیان بتوانن بۆ خۆیان و بنەماڵەیان ژیانێکی خۆش لە وڵاتانی دەرەوە دابین بکەن هەر بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ خەڕیکی دزی و فرۆشتنی سەرچاوە داراییەکان و خاکی ئەو ولاتەن لە پیدانی دەریای خەزەر بە ڕووسیە و پێدانی خەلیجی فارس بە چین و هەتا ڕیکەوتننامەی ٢٥ ساڵە لە گەڵ چێن کە لەمگرێبەستانەدا تەنیا فکریان لای ئەو پوڵەیە کە بە نەقدی دەستیان دەکەوێت و بۆیان گرنگ نییە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی تێدایە یان خود نا.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە دەستهەڵاتدارانی ئێران خۆیان دەزانن زۆر بەزوویی دەسەڵاتیان لێدەستەندرێتەوە و ئەو نزامەش دەگۆردرێت ، هەر بۆیە خەریکی پر کردنی گیفانەکانی خۆیانن بۆ دوا ڕۆژ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە لەڕاستیدا خەڵک تا چ ڕادەیەک دەتوانن خۆڕاگر بن و لە جیاتی لە فەقیری و هەژاریدا خۆیان بکوژن،کەی دەبێت لە ڕیگای ئازادی و بۆ ئازادی خۆیان بە کوشتن بدەن و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ژیانەیک کە شیاوی هەر مرۆڤێکە بۆ خۆیانی دابین بکەن و لەڕاستیدا ئاستی خۆڕاگری خەڵک تا چ ڕادەیەکە کە دەتوانێت تا ئەو ڕادەیە زوڵم قەبوڵ بکات.


ئه‌م بابه‌ته 161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:40:02/08/2020