"قوەی قەزاییە" داوای لە کرێکارانی حەوت تەپە کرد، کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن!

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ پاش تێپەڕاندنی ٤٤ ڕۆژ لە خولی نوێی مانگرتنی کرێکارانی "حەوت تەپە"، "غوڵام حوسێنی ئیسماعیلی" وتە بێژی قوەی قەزاییە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی؛ "داوا لە کرێکارانی حەوت تەپە دەکەین، بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان."
ئەو داواکاریەی وتەبێژی قوەی قەزایە لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە سندیکای کرێکارانی حەوت تەپە پاڵپشتی خۆی لە مانگرتنەکە ڕاگەیاندووە .

کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری هەفت تەپە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٠٠ جار مانگرتینان ئەنجام داوە. زۆربەی داواکارییەکانیان سێنفی و بۆ مافی کرێکاران بووە. "زیاد کردنی حەقدەستی کرێکاران بە پێی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئێران، گەڕانەوەی کرێکارە دەرکراوەکان، ئازادی هاوکارە دەستگیر کراوەکانیان و گەڕانەوەی ئەو شیرکەتە بۆ بەشی دەوڵەتی، ناکارامەیی بەڕێوەبەرایەتی و گۆڕینی بەڕێوەبەری" لە زومرەی داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکارانی ناڕازی ئەو کارخانەیەیە. 

لە ماوەی ئەم شەش ساڵەی دواییدا چەندین جار خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، بە سەرکوت و دەستگیری و ئەشکەنجە لە لایەن دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و دەرکردنی کرێکاران لە سەر کارەکانیان کۆتایی پێهاتووە. 

شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە گەورەترین کارخانەی بەرهەم هێنەری شەکرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پاش هەڵشکیانی ئەو ناوەندە بە نرخی ٢٨٦ میلیارد تمەن درایە کەرتی تایبەتی کە تەنیا ٦ میلیارد تمەنی دراوە. 

داخرانی ئەو ناوەندە کاریگەری گەورەی لە سەر ڕێژە و نرخی "شەکر" وەک یەکێک لە شمەکە پێویستەکانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران هەیە. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە هەستیار بوونی ئەو ئیعتراز و مانگرتنە و ئەگەری تەشەنە سەندی ئەو ئیعترازانە بۆ باقی چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران بە تایبەتی لە دۆخی خراپی ئابووری و ژیانی خەڵک ئەو داواکارییەی هێناوەتە گۆڕێ.

ئه‌م بابه‌ته 257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:38:28/07/2020