پۆمپێئۆ؛ بە مەبەستی بەربەستدانان بۆ پاڵپشتی لە تیرۆریزم، گوشارەکانمان دژی ئێران بەردەوام دەبێت

پۆمپێئۆ؛ بە مەبەستی بەربەستدانان بۆ پاڵپشتی لە تیرۆریزم، گوشارەکانمان دژی ئێران بەردەوام دەبێت
"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی؛ لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ بەربەست دانان بۆ پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم و هەر چەشنە چالاکییەک کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، گوشارەکانمان دژی ئەو ڕژیمە زیاد کردووە. 


پۆمپێئۆ لە ڕاگەیاندنێک دا کە بە بۆنەی ٢٣١مین ساڵیادی دامەزرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی و ئاواڵەبوونی دەستی تێکدەرانەی لە ناوچەکە و هەموو جیهان سیاسەتی سەپاندنی ئەوپەڕی گوشارەکانمان دژی ڕژیمی تاران ڕەچاو کردووە و پێداگری لە سەر گەمارۆکان دەکەینەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە لە هەوڵی ئەوەدایە گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایەشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی درێژ بکاتەوە .

بەشێک لەو گەمارۆیانە و یەک لەوان گەمارۆی دژی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ لەگەڵ ئێران، ئۆکتۆبری ئەمساڵ کۆتایی دێت. ئەمریکا و ٣ وڵاتی زلهێزی جیهان لەو بڕوایەدان کە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانە دەبێت هۆی شەڕ و ئاژاوەی زۆرتر لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستە یەک لایەنە کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری، سیاسی و سەربازی دژی ئەو ڕژیمە خستووەتەوە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

ئه‌م بابه‌ته 81 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:51:28/07/2020