دابەزینی دووبارەی پێگەی پاسپۆرتی ئێران

دابەزینی دووبارەی پێگەی پاسپۆرتی ئێران
ئێران لە خشتەی دیاریکردنی پێگەی پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەی "پاسپۆرت ئیندێکس هێنلی" بڵاوی کردووەتەوە، لە پلەی نۆیەمی خوارووی خشتەی وڵاتانی جیهان دایە. 

بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی بریتانیایی هێنلی لە ساڵی ٢٠٢٠، شارۆمەندانی ئێرانی بە بێ ویزا تەنیا دەتوانن بۆ ٤١ وڵاتی جیهان و لەوانە ڤێنێزۆئێلا و زیمبابوە، سەفەر بکەن. 

بەنگلادشیش وێڕای ئێران لە پلەی ٩ی بێ بەهاترین پاسپۆرتی وڵاتی جیهان دایە. 

پێگەی ئێران لە چاو ڕاپۆرتە پێشووەکە دوو پلە دابەزیوە. بەهای پاسپۆرتی وڵاتانی "ئیریترییە، ئیتیۆپی، نیجێرییە و ئانگولا لە سەروو پلەی ئێرانەوەن. 

ژاپۆن لە پلەی یەکەمی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندایە کە خاوەنی پاسپۆرتی ژاپۆنی دەتوانن بۆ ١٩١ وڵاتی جیهان بە بێ ڤیزا سەفەر بکەن. 

یەکێک لە دروشمەکانی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٢ باسی لە گەڕانەوەی پێگە و هێز بۆ پاسپۆرتی ئێران دەکرد. 

وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریە، پاکستان، سومالی، یەمەن، لیبی، نپاڵ، فەلەستین، کوریای باکوور، سودان، کۆزۆڤۆ،  لوبنان و ئەفغانستان ١٠ پلەی بێ هێزترین پاسپۆرتی وڵاتانی جیهانییان بۆخۆیان تۆمار کردووە.

ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:26:26/07/2020