پەرەسەندنی کۆرۆنا لە زیندانی شاری سنە و کەمتەرخەمی بەرپرسان لەمبارەیەوە

پەرەسەندنی کۆرۆنا لە زیندانی شاری سنە و کەمتەرخەمی بەرپرسان لەمبارەیەوە
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی پووشپەڕ، دوای پشکنینی پزیشکی و تاقیکردنەوەی کۆرۆنا بۆ بەندکراوانی دەستبەسەر لە زیندانی ناوەندی شاری سنە، دەرکەوتووە کە چوار بەندکراو لە بەندی گشتیی ئەم زیندانە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

سەرچاوەیەک لە زیندانی ناوەندی شاری سنەوە بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ ڕاگواستن یا کەرەنتینە کردنی ئەم چوار بەندکراوە نەدراوە و ئەوانیش وەک سەرجەم زیندانییەکانیتر لە خزمەتگوزاری گشتیی بەندەکە کەڵک وەردەگرن و ئەمەش زیندانیانی نیگەران کردووە. 

جێی ئاماژەیە، پێشووتریش کە چەند بەندکراوی زیندانی ناوەندی شاری سنە گومانی ئەوەیان لەسەر بوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن، سەرجەمیان پێکەوە کەرەنتینە کرابوون کە ئەمە خۆی شێوازێکی ناستاندارد و مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکە نین و بەم شێوەیە تووش دەبن.


ئه‌م بابه‌ته 142 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:09:05/07/2020