دوو چالاکی مەدەنی شاری سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران

دوو چالاکی مەدەنی شاری سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ، فەرانەک جەمشیدی، لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری سنە و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری سنەوە، لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە کوردە، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە شەخسییەکانی وەک کامپیوتێر و گوشی و ...دا گرتووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە، ٧ی پووشپەڕ، ئەفشین شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە، لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.
ئەم چالاکە کوردە لە ساڵەکانی ڕابردووشدا چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
ئەفشین شێخولئیلسلامی، لە دایکبووی شاری سنە و دانیشتووی وڵاتی ئەمریکایە کە ساڵانە بۆ چالاکی مەدەنی و سەردانی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە ئێران؛ ناوبراو یەکێک لە چالاکانی دژی جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامە.


ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:08:28/06/2020