ڕژیم بنکەی سەربازی نوێ لە سەرشیوی مەریوان دروست دەکات و ئەزیەت و ئازاری خەڵک دەدات

ڕژیم بنکەی سەربازی نوێ لە سەرشیوی مەریوان دروست دەکات و ئەزیەت و ئازاری خەڵک دەدات
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کردووە بە دروست کردنی بنکەی سەربازی نوێ و نۆژەنکردنەوەی پایەگا کۆنەکانی ناوچەی سەرشیوی مەریوان و هێزێکی زۆریان بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک بۆ گوندەکانی ناوچەکە ڕاگواستووە.

هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کێوەکانی سوڵتان ئەغزەتوو و چەند کێوێکی دیکەی ناوچەکە ڕێگایان لێداوە و لە هەوڵی دروست کردنی پایەگایەکی گەورە دان لەم ناوچەیە.
لە لایەکیترەوە، هێزێکی زۆریان لە گوندی "گۆگجە"ی ناوچەی سەرشیو جێگیر کردووە و هەڕەشەیان لەخەڵکی ئەم گوندە کردووە کە نابێ مەڕوماڵات ببەنە دەرەوە و هەر کات دەنگی تەقە یا هێلیکۆپتێریان بیست لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە؛ ئەم هەوڵەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ناوچەکەی تووشی نیگەرانی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: خەڵکی گوندی گۆگجە زۆر لە ژێر گوشاری ئەم هێزانە دان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی خەڵک، شەو و ڕۆژ خەریکی تەقە کردنن.

لە درێژەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، سەرچاوەیەک لە گوندی دۆزەغەرەی ناوچەی دیواندەرە پێی ڕاگەیاندین: کۆماری ئیسلامی هێزێکیشی لەم گوندە جێگیر کردووە و تا ئێستا نزیک دوسەد سەر مەڕوماڵاتی خەڵکی ناوچەکە بە هۆی تەقە و تۆپبارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەناوچوون.


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:18:25/06/2020