وەزیری ئێران و چەندین بەرپرسی نیزامی کۆماری ئیسلامی چوونە ناو لیستی گەمارۆی مافی مرۆڤی ئەمریکا

وەزیری ئێران و چەندین بەرپرسی نیزامی کۆماری ئیسلامی چوونە ناو لیستی گەمارۆی مافی مرۆڤی ئەمریکا
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: دەوڵەتی ئەمریکا ڕیژەیەکی نوێ لە بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو "عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزڵی"، وەزیری ئێران و "حسەین ئۆشتۆری"، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی بە هۆی کاریگەری لە پێشێلکاری جیدی مافی مرۆڤ و سەرکووتی نەیاران خستە ناو لیستی دووهەمی گەمارۆکانی خۆیەوە.
ئۆفیسی کۆنترۆڵ و چاودێری سەرمایەی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گوڵان، پێڕستێکی نوێی لە کەسایەتییە ئێرانییەکان کە چوونەتە ناو لیستی گەمارۆکان بڵاوکردەوە.
لەم پێڕستەدا ناوی ٩کەس لە بەرپرسە سیاسی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دوو بەندیخانەی فەشافوویە و قەرچکی تێدایە.
ئێستیون مێنۆچێن، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لەم بوارەوە وتی: "کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی خەڵک وەکوو خۆپیشاندانە موساڵمەت خوازانەکەش لە ڕێگای گوشاری فیزیکی و دەروونی سەرکووت دەکات.
ناوبراو ئیزافەی کرد دەوڵەتی ئەمریکا بە وڵامدانەوەی بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێران کە خەڵکی ئەو وڵاتە سەرکووت دەکەن درێژە دەدات.
عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ئێران، حسەین ئۆشتۆری، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکان، محەمەد عەلی نوری نژاد، جێگری هاوئاهەنگی هێزە ئینتزامییەکان، حەمید ڕەزا ئەشراق، جێگری حقووقی و بواری مەجلیسی هێرە ئینتزامییەکان، هابیل دەروێش، بەرپرسی بونیادی تەعاونی هێزە ئینتزامییەکان، موحسین فەتحی زادە، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان، یەحیا مەحموودزادە، جێگری ئەندازیاری هێزە ئینتزامییەکان، حسەین شاهوارپور، فەرماندەی سپای پاسدارانی خوزستان، ئەیوب سولەیمانی، جێگری پلان و ستڕاتێژی و بودجەی ستادی گشتی هێزە ئینتزامییەکان کەسانێکن کە لە پێڕستی گەمارۆکانی ئەمریکادا هاتوون.
لە ڕاگەیاندنی بڵاوکراودا، بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی چەند ساڵی پێشوو و هەروەها خۆپیشاندانەکان بە دژی حیجابی زۆرەملێ ئاماژەی پێکراوە.
هەروەها ئاماژە بە ئەشکەنجە و نقووم بوونی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان لە کارەساتی ماوەی پێشوودا لە سنووری ئێران و بەشداری زۆرەملەی کۆچبەرانی ئەفغانی لەلایەن سپای پاسداران بۆ شەرەکانی سووریە کراوە.

ئه‌م بابه‌ته 341 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:38:21/05/2020