هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ سیاسەتی دەوڵەت هیچ کات ئەوە نەبوو کە مەرهەمێک بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکانی خەڵک, بەڵکوو ئەوەبووە کە چۆن زەخیرەی دارایی و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕاگڕێ و تەیاری بکات بۆ دوای کۆرۆنا.

 هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ سیاسەتی دەوڵەت هیچ کات ئەوە نەبوو کە مەرهەمێک بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکانی خەڵک, بەڵکوو ئەوەبووە کە چۆن زەخیرەی دارایی و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕاگڕێ و تەیاری بکات بۆ دوای کۆرۆنا.

کۆرۆنا، کاریگەری و دەرەنجامەکانی

وت و وێژ لەگەڵ هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی


لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوو پەتای «کۆرۆنا» جیهانی خستووەتە دۆخێکی نوێی چاوەڕوان نەکراوەوە. زۆرێک لە بیرمەندان و کەسایەتییە سیاسی و ئابووری و زانستییەکانەوە هەڵوێست و ڕوانگەی خۆیان لەوبارەوە خستووەتە ڕوو. پرسی کۆرۆنا لە ئێران، شێوەی مودیرییەت و کۆنتڕۆڵ و بەرەوڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لێکدانەوەی دۆخی خەڵکی ئێران لەم سەردەمەدا و کاریگەرییە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی ئەم ڤیرووسە لەسەر کۆمەڵگای ئێران، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و هەروەها تایبەتی تر بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و پانۆرامانی سەردەمی دوای کۆرۆنا لە ئێراندا، تەوەرەی گفتوگۆی «ئاسۆی ڕۆژهەڵات»ـە لەگەڵ هاوڕێ «ئەبووبەکر مودەڕیسی» جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە.


ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هاوڕێ ئەبووبەکر وێڕای سڵاو. بێ گومان لە ماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوو، بە دوای بڵابوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنای جۆری کۆڤیدی ١٩، جیهان کەوتە دۆخێکی چاوەڕوان نەکراو و بە جۆرێک لە جۆرەکان بوو بە قەیرانێکی جیهانی و وەک پاندێمی لێهات. یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان کە بەخێرایی کەوتە ئەم قەیرانەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکەکەی تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا و هەروەها ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لە دەست دا، ئێران بوو. ڕژیمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، تێ دەکۆشێت خۆی بە سەرکەوتوو بزانێت و یان بە سەرکەوتوو بناسێنێت، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤیرووسەدا، بە بڕوای جەنابت کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بووە یان نا؟ و ئەگەر «نا» لە ڕوانگەی جەنابتەوە چین ئەو نیشانانەی کە دەریدەخەن کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا سەرکەوتوو نەبووە؟

هاوڕێ ئەبووبەکر؛ پێوەری سەرکەوتوویی بۆ حکومەتەکان ئەوە نیە کە پێشی پەتا جیهانییەکە یان بڵێین پاندێمی pandemic بگرن پێشگرتنی زۆر ئەستەمە و دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر نامومکینە. لە لای من پێوەری سەرەکی ئەوەیە ئایا حکومەتەکان هەموو توانای سازمانی ماڵی و ئینسانی خۆیان بە کار هێناوە بۆ ئەوەی خەساری گیانی و ماڵی سەر خەڵک تا ئەو جێگایەی مومکینە کەم کەنەوە؟ ئایا حکومەتەکان لە هەر قۆناغێک لەو قەیرانە کە ئەو پەتایە هۆکاری بووە خێراترین بریاری دروست و گونجاویان لەو پێناوە کە لە سەرەوە باسمان کرد واتە کەمکردنەوەی مەینەتەکانی خەڵک، داوە؟.  پێوەرێکی دیکەی زۆر گرینگ ئەوەیە ئایا توانیویانە متمانەی خەڵک بە دەست بێنن، لە بڵاوکردنەوەی زانیارێکان لە بارەی ڕادەی بڵاوبوونەوەی؟ رێژەی تووشبووان، گیانبەختکراوان و هتد شەفاف بوون یان ڕاستییەکانیان لە خەڵک شاردۆتەوە؟ بە هەموو ئەو پێوەرانە کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو نەبووە، 

١. کۆماری ئیسلامی هەموو توانا و پوتانسییەلەکانی خۆی لە خزمەت بە خەڵک بە کار نەهێناوە. دامەزراوە ماڵی و ئابووریەکانی سەر بە خامنەیی کە سەروەت و سامانیان دەگاتە سەدان میلیارد دۆلار و بە ناوی مەوقوفات ماڵیات نادەن و لە چاودێری هەموو دەزگاکانی کۆنترۆڵ رەهان، بۆ خزمەت بە خەڵک و قەرەبوو کردنەوەکانی زەرەر و زیان لە خەڵک و دابینکردنی کەرەسە و پێداویستییەکانی بە تایبەت بواری پزیشکی بەکار نەهێنراون. 

٢. کۆماری ئیسلامی بریارەکانی نادروست و بە پێچەوانەی بەرژەوەندی خەڵک بووە. شت زۆرە لەوبارەوە ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەم. ڕێگەدان بە هاتووچووەکان لە چین لە ڕێگای کۆمپانیای ئاسمانی «ماهان»، قەرەنتینە نەکردنی شار و شوێنە هەستیارەکان وەک قوم، ئەو سیاسەتە تا ئێستاشی لە گەڵ بێت هەر بەردەوامە. دانەخستنی مەزگەوتەکان و شوێنە ئایینیەکان و مەزارگەکان لە مەشهەد و قوم. وەرنەگرتنی یارمەتییەکانی دەرەوە وەک پزیشکانی بێ سنوور و ... .

٣. دروست کردنی متمانە لە بەینی خەڵک و حکوومەت. لەوەدا رژیم بەراستی کارنامەیەکی رەشی هەیە، شاردنەوەی پەتاکە بە مەبەستی سیاسی لە ئەوەڵەوە، ساختەچێتی لە ئامار و رێژەکان و نا شەفاف بوون لەوبارەوە، پەرەپێدان بە خورافات و شتی نازانستی و سەیر و سەمەرە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵات، ئەوانە کەش و هەوایەکی دروست کردووە کە ئەگەر دەسەڵاتە درۆزنەکە بڵێ ماست سپییە خەڵک دەڵێن رەشە. 

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە بەرجەستەترین کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، نشست پێ کردنی ئابووری جیهان بووە، لە لایەکی دیکەوە دابەزینی نرخی نەوت و لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرابەر تمەندا بەشێک لە دەرکەوتەکانی قەیرانی ئابووری بووە لە ئێران دا، بە بڕوای جەنابت ئەنجامی ئەم دۆخە (نشستی زۆرتری ئابووری) لە ئێران چی دەبێت؟ کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە چۆن پێشبینی دەکەن؟ ئایا ئەم دۆخە تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری ئێران یان دەتوانێت دەرفەتیش بێت؟ 

هاوڕێ ئەبووبەکر؛ ئابووری ئێران هەر زۆر پێش هاتنەگۆڕێی ڤیرووسی کۆرۆنا قەیراناوی بووە. ئابووری ئێران کێشەی ساختاری هەیە وەک نەبوونی هیچ پلانێکی درێژخایەن بۆ گەشەی بەردەوامی ئابووری (توسعە پایدار)، هەم بە شیدەت تووشی گەندەڵی و ناکارامەییە و لە هەمان کاتدا سیاسەتەکانی لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی هەم هەزینە و تێچوویەکی تاقەتپروکێنی ئابووری لێکەوتۆتەوە و هەم هەمیشە تووشی کاردانەوەی ئەمریکا و تەحریمەکان بووە. جا هەموو ئەوانەش قەیرانی کۆرۆنای پێ زیاد بووە و ئابووری ئێرانی خستۆتە وەزعێکی زۆر ناخۆش و ئاستەم. دیارە ئەم وەزعە هەم توانای دەسەڵاتی بۆ درێژە پێدان بە سیاسەتە ناوچەیەکانی لاواز کردووە و هەم خەڵکیشی تووشی هەژاری و بێدەرەتانی زۆرتر کردووە و دەیکا. لەم رۆژانەدا حکومەت زۆرتری بەرنامەکانی بۆ ئەوەیە کە مانەوەی نیزامی سیاسی دوای کۆرۆنا گارانتی بکات. سیاسەتی دەوڵەت هیچ کات ئەوە نەبوو کە مەرهەمێک بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکانی خەڵک لە قەیرانی کۆرۆنا بەڵکوو ئەوەبووە کە چۆن زەخیرەی دارایی و توانی ئینسانی خۆی و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕاگڕێ و تەیاری بکات بۆ دوای کڕۆنا. دەرمان و نوسخەی ڕژیم بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نارەحەتییەکانی خەڵک کردنەوەی ئیمامزادەکان و مەزارگەکان، مەرقەدەکان و مزگەوتەکانە. 

قەیرانی کڕۆنا دەتوانێ دەرکەوتەی نیگاتیڤیشی ببێت. بۆ نموونە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە خۆی لە جموجۆڵەکانی ئەم دوو سێ ساڵە نیشان دەدا بکەوێتە پەراوێزەوە. 

بەڵام بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێرانیش لە ڕێگای دووزینەوەی ڕێکاری دروست و تاکتیکی گونجاو و کار و کۆششی ماندوویی نەناسانە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامیش لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بخاتە سەر باقی ناڕەزایەتییەکان و ئەو قەیرانە بکاتە فورسەت. 

  ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ یەکێک لە خاڵە جێی سرنجەکان دەربارەی کۆرۆنا لە ئێران، جیاوازی هەڵوێستی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بووە. ڕووحانی قسەیەک دەکات، وەزیرێکی بە پێچەوانەی قسەکەی ڕووحانی لێداوان دەدات. ڕووحانی هەموو شتێک بە ئاسایی لە ئێران دەبینێت و بەردەوام باس لە باشتربوونی ڕەوشی دۆخی کۆرۆنا دەکات، لە لایەکی دیکەوە زەریف بە پێچەوانەی قسەکانی ڕووحانی دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و خراپ پێناسە دەکات؟ ڕای جەنابت لەم بارەیەوە چییە؟

هاوڕێ ئەبووبەکر؛ کە دەڵێین ناکارامەیی بەشێکیشی دەگەرێتەوە بۆ سەر تەنانەت ئیدارەکردنی خودی خۆیان وەک کابینە. هەر ئەو جۆرەی خۆتانیش باستان کرد ڕوحانی تەنانەت ناتوانێ وەزیرەکانی ئیدارە بکات. تا ئەو جێگایەی بە زەریف و ڕوحانی و لێدوانە دەژبەرەکانیان مەربوت دەبێت من لە سەر ئەو باوەرەم کە ئەوە ئاگاهانەیە و دابەشکردنی کار و دەورو ڕۆڵێکە هەرکامیان پێیان سپاردراوە بیگێڕن. هەرچی ڕوحانی یە قسەکانی ڕووی لە ناوا خۆی ئێرانە و دەیهەوێ بە خەڵک بڵێ کە دەوڵەت کۆنترۆڵی بە سەر وەزعەکەدا هەیە و ئیدارەی دۆخەکەی لە دەست دەرنەچووە. لە بەرامبەردا زەریف پێی سپێردراوە کە هاواری مەزلومییەتی ئێران کە گۆیا بە بۆنەی تەحریمەکانی ئامریکا دەستی بۆ خزمەت بە خەڵک کورتە بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕابگەیەنێ و کەمپەینی گوشار بۆ سەر ئەمریکا بە مەبەستی لابردن یان لانیکەم کەم کردنەوەی تەحریمەکان بەرێوە بەرێ. هەر بۆیەش وڵاتانی

 یەکییەتی ئوروپا داوایان کردووە لە ئەمریکا تەحریم لە سەر ئێران لابات. 

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ لە دۆخی کۆرۆنادا و لە ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر بەم ڤیرووسە، شاهیدی هاوپشتی و هاوسۆزییەکی جەماوەری  بووین لە کوردستان


بەرامبەر بە خەڵکی هەژار و کەم داهات، ڕێکخراوە مەدەنی و ئین جی ئۆکان، خەڵکانی چالاک و بەهەڵوێست لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کەمپەین گەلی پشتیوانی و بەهاناچوونی خەڵکییان پێک هێناوە، ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی و هەڵوێستی کۆمەڵە بەرامبەر بەم ڕێکخراونە چییە؟ و چۆن دەڕوانێتە ئەم چالاکییانە؟

هاوڕێ ئەبووبەکر؛ ئەو دیاردەیە واتە هاتنە کایەی پان و بەرینی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بە هانا چوونی خەڵکی لێقەوماو خۆی کاردانەوەیەکە بەرامبەر ناکارامەیی و ئیهمالکاری حکوومەت بەرامبەر بە خەڵک و کێشەکانی. کاردانەوەیەکە لە پێزانینی ئەو ڕاستیانە لە لایەن خەڵک و ئاشکرایە بەتەواوی حمایەت و پشتیوانی کۆمەڵەی لە گەڵە. دەسەڵات و لە پلەی هەوەڵ خامنەیی کە خاوەنی سەرەکی هەموو داهات و سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیە و ئامادەنین بۆ خەڵکی بەکاری بێنن. زۆر بێشەرمانە داوا لە خەڵک دەکەن کە یارمەتی خەڵکی فەقیر و هەژار بدەن. جگە لە دووڕوویی و بێشەرمی بەو شێوەیە دەیانهەوێ یەکەم ناکارامەیی و ئیهماڵکاری خۆیان بشارنەوە و دوواییش دەستپێشخەرییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەن بە هێ خۆیان. 

لە بەرامبەردا خەڵک و چالاکانی ئەو بوارە هەوڵ بدەن سەربەخۆیی خۆیان لە دەوڵەت و ئورگانە پێوەندیدارەکانی بپارێزن. دەووهەم دەبێ بەردەوام بن لە گووشار هێنان بۆ حکومەت بۆ ئەوەی بە ئەرکی سەرشانی خۆی بەرامبەر بە خەڵک هەستێ. چالاکانی مەدەنی نابێ تەنیا بە کاری جێبەجێ کردن و سازماندانی خزمەتگوزارییەکان خۆیان خەریک کەن. لە هەمان کاتدا دەبێ بەردەوام دەسەڵات لە گەڵ ویست و داخوازییە بەرحەقەکانی خەڵک و کۆمەڵگا بەرەوروو کەنەوە. 

ئاسۆی ڕۆژهەڵات وەک دوایین پرسیار؛ هاوڕێ ئەبووبەکر بە لێکدانەوە و تێگەیشتنی جەنابت ئێرانی دوای کۆرۆنا چۆن دەبێت؟ ئەگەر و سێناریۆکان لە ڕوانگەی جەنابتەوە دەتوانن چی بن؟ ئایا کۆماری ئیسلامی ئەم قەیرانەش تێ دەپەڕێنێت، یان بوار بۆ ڕووخان و لاوازی زۆرتری کۆماری ئیسلامی دەرەخسێنێت؟

هاوڕێ ئەبووبەکر؛ زۆر سەختە پێشبینی بکەی چی لێدێتەوە، ئەو پەتایە زۆر لێکەوتەی دەبێ نە تەنیا لە ئێران لە هەموو جیهانیشدا. کاریگەری قەیرانی کۆرۆنا لە سەر شێواز و ستایلی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لە شوێنی کارەکان، لە پەیوەندی بەینی دەوڵەتان و لە چاوەروانییەکان و زۆر شتی دیکە، باس کردن لەوانە ئێستا گەرمە و مەجالی زۆری دەوێ. دەتوانێ هەم کاریگەری نیگاتیڤی بێت و جۆرێک موحافیزەکاری و دەست بە کڵاوی خۆ گرتن تەشویق بکات و هەم دەرکەوتەی ئەرێنی و موسبەتیشی لێبکەوێتەوە.  بەڵام هەرچی هەبێ بە بروای من تەوەقوع و چاوەروانی خەڵک لە دەوڵەتان زۆرتر دەکا. 

ئایا بەڕاستی خەڵکی ئێران قبووڵی دەکەن دەسەڵاتێک وڵاتەکەیان ئیدارە بکات کە درۆ کردن بەشێکی جیانەکراوە بێت لە شێوازی حکومەت کردنیاندا. دەسەڵاتێک کە تەواوی وڵاتی پڕ کردووە لە موشەک و بە میلیاردهای سەرف کردووە بۆ ئەوەی دەست پەیدا بکات بە چەکی ئەتۆمی، میلیاردهای هەزینە کردووە بۆ پڕ چەک کردن و بەخێوکردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان و عێراق و سورییە.  بەڵام ئامادە نەبێ دوو مانگ خەڵکی هەژار بەخێوکات بۆ ئەوە لە ماڵێ دانیشن و گیانی خۆیان و کۆمەڵگا بپارێزن. لە توانای خۆی نەبینێ کەرەسەی زۆر سادە و سەرەتایی وەک دەسکێش و ماسک بۆ شارومەندان دابین بکات کە خۆیان لەو پەتا کوشەندەیە بپارێزن. بۆیەش دەورانی دوای کڕۆنا دەتوانێ فورسەتێک بێت بۆ خەڵک تا ڕیزەکانی خۆی بەرامبەر بە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و گەندەڵ و دیکتاتۆر پتەوتر و یەکگرتووتر بکات. 



ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:32:02/05/2020