پەیامی نەورۆزی هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی کۆمەڵە

پەیامی نەورۆزی هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی کۆمەڵە

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
 خوشک و برایانی خۆشەویست، 
دۆستان و دڵسۆزان،
 گەلی خۆشەویستی کورد،

 پێشەکی بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەوە گەرمترین پیرۆزبایی تان لێدەکەم و شادی و تەندرووستی و سەرکەوتنتان بۆ ئاوات دەخوازم.
ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا بەرەو پیری نەورۆزەوە دەچین کە بە داخەوە کۆمەڵگاکەمان تووشی نەخۆشی کڕۆنا بووە و ئەمە نیگەرانی و دڵەڕاوکەی هەمووانی بە دواوە بووە. 
بەداخەوە ژمارەیەک بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوە بۆیە پێش هەمووشتێک ڕێگەم بدەن با سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم لەگەڵ بنەماڵە و خزم و دۆستانی هەموو قوربانیانی پێشکەش بکەم، هەموومان شەریکی خەمیانین و بە دڵیش ئاوات دەخوازم کە هەموو تووش بووانی ئەو نەخۆشییە هەر چی زووتر ساغی و سڵامەتی خۆیان بە دەست بهێێنەوە و هیچ خانەوادەیەک داغدار نەبێت، دیارە نەخۆشێ کڕۆنا لە وڵاتی دیکەش سەری هەڵداوە و لەوێش خەڵک زۆریان تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و ژمارەیەکیش لە خەڵک گیانیان لە دەست داوە، بەڵام لە هیچ کوێ وەکوو ئێران حکوومەتەکەی ئاوا بێ دەربەست، بێ مبالات، نا بەرپرس، نەفام و تاوانبار نەبووە.
ئەوانەی کە دەزانن و دەتوانن سەد میتر شاخ هەڵکۆڵن و لەوێ شەهری مووشەکی و سایتی ئەتۆمی درووست کەن و بەو هۆیەوە هەموو ناوچەکە بکەنە ئاور و سامانی میللەتیش بە فیڕۆ بدەن، ئەوانەی ئیدعای مودیریەتی جیهانی دەکەن، ئەمڕۆ کە ئەو نەخۆشییە هاتووە، ناتوانن تەنانەت دەستکێش و ماسک و کەلوو پەلی پزیشکی سەرەتایی بۆ نەخۆشخانە و کادری دەرمانی دابین بکەن و ئێستاکە کەوتوونەتە سواڵ لە هەموو دونیا.
ئەو حکوومەتە دز و درۆزنە بە دوای تەواو بوونی ئەو نەخۆشییە دەبێت ئەوێش تەواو بێت و بڕوات، بەهەر حاڵ با لەوانە گەڕێین و دایان نێین بۆ کاتێکی دیکە.
لێرە داجێی خۆیەتی سپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش بە هەموو دکتور و پەرەستار و خزمەتگوزارانی بەشی پزیشکی و بێهداشتی بکەم، ڕۆژی هەوڵ و هیمەتی ئەوانە، خەڵک چاوی لەوانە، ئەوان ئەمڕۆ پێشمەرگەی ئەو جەبهەیەن، دەشزانم و دڵنیام بەو پەڕی هەست بە مەسئولییەت کردن و ماندوویی نەناسییەوە کاری خۆیان بەڕێوە دەبەن و خەڵک لەو تەنگانەیە ڕزگار دەکەن، میللەتیش قەت خزمەتی ئەوان و ماندوونەناسی ئەوان فەرامۆش ناکەن.
بەڵام بەرەنگار بوونەوەی ئەو نەخۆشییە تەنیا بە پزیشک و بە نەخۆشخانە ناکرێت، ئەوە ئێمەین خۆمان بەشی هەرە زۆری بە خانەوادەکانە، بە خەڵکە، بە تاکەکانە، بە ئێمە خۆمانە، ئێمەین کە دەبێت خۆمان لەو پەتایە دوور خەینەوە، لێرەدا داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم وەکوو دڵسۆزێکی خۆتان نەک وەکوو پزیشک و پسپۆڕێک، داوا دەکەم کە ڕێنوێنییە پزیشکییەکان بە جیدی وەربگرن، هەمووی ئەوەانەی کە دەتوانن و بۆیان دەکرێت با لە ماڵ نەچنە دەرێ، هەموویان خۆیان لە گرد بوونەوە و کۆبوونەوە و ئیجتماعات بپارێزن، ئێمە دەبێت وەکوو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و میللەتێکی موتەمەدین بتوانین دیسیپلینی پزیشکی و بێهداشتی بە باشی بەڕیوە بەرین.
وەکوو کورد ئێمە زۆرمان ناخۆشی و مەینەتی بەسەردا هاتووە، توانیومانە بەرەنگاریشی بینەوە و خۆمان ڕاگرین، ئێمە بەسەر زۆر ناخۆشی و کەم و کووڕی و ناڕەحەتیدا زاڵ بووین و سەرکوتووین.
دڵنیام بەسەر ئەو نەخۆشیەدا زاڵ دەبین، دەکەوینەوە سەر خۆشی و سڵامەتی، کورد وتنی»تەنگانە بەریان کوورتە» ئەم تەنگانەیەش بەری کوورتە، بە سەرکەوتوویی تێپەڕی دەکەین و سەروو دڵی خۆش بەرەو سلامەتی و هەروەها بەرەو ئازادی دەڕۆین، بەڵام نەترسی و ورەی بەرز، مانای بێ مبالاتی و پێشێل کردنی ڕێنوێنییە پزیشکییەکان نییە، بەڵکوو بە پێچەوانە بەڕیوە بردنی تووند و تۆڵی ئەو ڕێنماییانەیە کە دەتوانێت ئێمە بەسەر ئەو نەخۆشییە دا زاڵ بکات، هەر وەکوو هەمووشمان دەزانین ئەو پەتایە لەگەڵ خۆی خراپ بوونی وەزعی ئابووریش دێنێ، چ بە بۆنەی نەخۆش کەوتن، چ بە بۆنەی لە ماڵ وە دەر نەکەوتن، وەزعی کاروو کاسپی زۆرێک لە بنەماڵەکان خراپتر دەبێت، لێرەدایە کە هیمەت و بەدەنگەوە هاتنی دڵسۆزان و خێرۆمەندان پێویستە.
هاوپشتی و دەستگرۆی و یەکگرتوویی پێویستە، داوا دەکەم لەم باروودۆخەدا هەر بە فیکری خۆتان مەبن، بە فکری دراوسێ ئەهلی شار و گوندەکەتان و بە فکری ئەوانەش بن کە دەسکورترن، بە فکری ئەوانەش ببن کە ئێستا ناتەوانییەکیان هەیە یان بێکەسن، بە هەر شێوەیەک  کە دەتوانن باریان لەسەر سووک کەن، ئەگەر دەتوانن با دوو مانگ کرێ ماڵ و کرێ دووکانیان لێ وەرمەگرن یان هیچ نەبێت بۆیان بەخەنە دواوە، ئەگەر دەتوانن بە هەر جۆرێک بە یارمەتی نەقدی و جنسی بە فریای ئەو ماڵە و ئەو خانەوادە دەستکورتانە بگەن.
هەر چەشنە یارمەتییەک کە دەتوانن درێغی لێ مەکەن، ئێمە تا ئێستا بە یەکگرتووییەوە ماوین و هەر بە یەکگرتووییشەوە بە سەر ناخۆشییەکاندا زاڵ بووین، دڵنیام ئەم ڕۆژە ناخۆشانە کۆتاییان پێدێت و ئەما چاکەو و فریاکەوتن و دەست گرۆیی یەکتری هەرگیز فەرامۆش ناکرێت.
خۆشبەختانە دەبینم کە گرووپە خەڵکییەکان کە بۆ یارمەتی و بۆ ڕێنوێنیی بێهداشتی خەڵک یان بۆ زیدی عفوونی و پاکوو خاوێن کردنەوەی شار و گەڕەک و گوند، بۆیارمەتی پیر و پەک کەوتەکان، بۆیارمەتی بێ تواناکان، بۆ گەیاندنی کەلووپەل و پێداویستی لە شار و گوند و گەڕەکەکانی کوردستان کەوتوونەتە گەڕ.
پڕ بە دڵ خۆشحاڵی خۆم و هەروەها  پێزانینی خۆم بەو بۆنەوە دەر دەبڕم، کە ئەوانە دەبینم جارێکی دیکە دڵنیا دەبمەوە کە ئێمە وەکوو نەتەوەیەکی ژیر و بەرپرس و خەمخۆر و یەکگرتوو لەگەڵ یەکتری، نافەوتێین و هەمیشە دەمێنین و نیشان دەدەین بە هەموو دونیا کە سەڵاحیەتی ئیدارەی خۆمان وەکوو میللەتێکی پێگەیشتوو هەیە.
ئێمە هەمیشە ئەو چەشنە ئیبتکار و دەستپێشخەرییە خەڵکییانەمان تەئید کردووە، هەمیشە ئەو چەشنە ڕێکخراوە و گرووپە خەڵکی و سەربەخۆیانە، ئەو چەشنە بە دەستەوە گرتنی خەڵکیمان تەئید کردووە و بە خۆشییەوە دەبینین کە لە زۆر شوێن ئەوانە دەست پێکراون.
وێڕای تەئید کردنیان، بەڵام مەرج ئەوەیە کە ئەم کارە بە ڕێکوو پێکی و بە ڕەعایەتی هەموو ئوسوولی پزیشکی و بێهداشتی بەڕیوە بچێت و تێیدا پاراستنی گیان و سڵامەتی کەسەکان لە ئەولەوییەت دا بێت.
لە کۆتایی دا وەکوو نیشانەیەک لە ورەی بەرزمان، وەکوو هێمایەک لە یەکگرتوویی و هاوپشتی و هاوخەباتیمان، هەروەها وەکوو بڕوای پتەومان بە سەرکەوتن با شەوی نەورۆز لە هەموومان لە هەموو ماڵانەوە هەر کەسە لە ماڵ و ئاپارتمان و گوند و شوێنی خۆیەوە سروودە نیشتمانی و ورە بەخشەکانی وەخوێنین.
کورد سروودی گەش و شۆڕشگێڕانە و دڵخۆشەکەرانەی زۆرە، با دوور لە یەک بین بەڵام  بەیەک دەنگ با پێکەوە بچڕین، قەیناکە با بەجەستە لەیەک دوور بین، بەڵام بە دڵ، بە گیان، بە ڕۆح ئێمە یەک دەنگبین و یەک سروود بخوێنین، با لە ماڵ و شوێنی خۆمان بین بەڵام بە دڵ پێکەوەین، بە ورەی قایم و بە نێشان دانی هاودڵیمان با ئەو سروودانە بخوێنین و بەم جۆرە سالی کۆن بەڕی کەین و ساڵی تازە لە باوەش بگرین.
بەهیوام ساڵی تازە، ساڵی خێر و خۆشی و سلامەتی و سەرکەوتن بێت، ساڵی ئازادی هەموو لایەک بێت.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سڵاو لە هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری و بەختەوەری گەلی کورد، هەر شاد و سڵامەت و سەرکەوتوو بن.

 




ئه‌م بابه‌ته 481 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:28:31/03/2020