ڕێوڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان لە شاری تورێنتۆی وڵاتی کانادا بەڕێوەچوو +وێنە

ڕێوڕەسمی ٢٦ی ڕێبەندان لە شاری تورێنتۆی وڵاتی کانادا بەڕێوەچوو
+وێنە
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ بە بەشداری و ئاماده‌بوونی کادر، ئەندام  و ئەندامانی سەکردایەتی کۆمەڵە و  ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی هه‌رێمی ئۆنتاریو و هاوڵاتفارس و شارۆمەندانی ناوچەکانی دیکەی ئێرانی وڵاتانی دیکە، بۆ ڕێزگرتن له‌ یادی 26 ی ڕێبه‌ندان ساڵیادی ئاشکرا بوونی خه‌باتی نهێنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، له‌ شاری تورونتۆ بیره‌وری مۆمی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له‌ ئاهه‌نگێكی مه‌زن و ڕازاوه‌دا له‌ هۆڵی گراند بانكیوتی تورونتۆی سەر بە وڵاتی کانادا به‌رز و پیرۆز ڕاگیرا .

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ سروودی بانگه‌واز سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و ڕاوه‌ستانی خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كۆمه‌ڵه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستی پێكرد .

پاشان هێرو موهته‌دی و ئه‌یوب عه‌بدوڵاپوور به‌ هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و كوردی به‌ناوی كۆمیته‌ی به‌ڕێوبه‌ریی ڕۆژی كۆمه‌ڵه‌ به‌خێر هاتنی ئاماده‌بووانیان كرد و ته‌وه‌ری ڕێوڕه‌سمه‌كه‌یان بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرده‌وه‌ .

پاشان سه‌لاح بایه‌زیدی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌ واشنتۆن په‌یامی كۆمیته‌ی كه‌نادای كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران پێشكه‌ش كرد و تیاییدا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵ و خه‌باتی په‌نجا ساڵه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران داو وتی:  رۆژی 26 ی ڕێبه‌ندان و خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوودا وه‌ك هێزێكی پێشه‌نگ و كاریگه‌ر له‌ پێناو ڕزگاری گه‌لی كورد وه‌چه‌رخانێكی مێژوویی بوو له‌ كاروانی خه‌باتی گه‌لی كورد. دواتر لایه‌ن و ڕێكخراوه‌كان له‌ وتاره‌كانیاندا به‌گشتی وێڕای پیرۆزباییكردن، رۆژی 26 ی ڕێبه‌ندان و ده‌ستپێكی خه‌بات و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ له‌پێناو ڕزگاری گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوودا به‌رز نرخاند.

جیم كریجیانیس ئه‌ندامی پێشووی فیدراڵی كانادا و دكتۆر ره‌زا موریدی په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌رێمی ئۆنتاریو له‌ وته‌كانیاندا پیرۆزبایی خۆیان به‌بۆنه‌ی هه‌ڵكردنی مۆمی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران ئاراسته‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ وخه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی كرد. په‌رله‌مانتاران له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌ ڕووداوی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن هێزی سه‌ربازی ئێرانه‌وه‌ كرد كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی 176 شارۆمەند له‌وانه‌ش 68 شارۆمەندی كانادایی بوون، په‌رله‌مانتاران وێڕای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ ئاشكراشیان كرد حكومه‌تی كانادا له‌ ڕێی چه‌ند پارێزه‌رێكه‌وه‌ له‌دادگای نێوده‌وڵه‌تی سكاڵای تۆمار كردووه‌ و داوای یه‌ك ملیارد دۆلاریشی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ كردووه‌. جێم كرجیانیس له‌ وته‌كه‌یدا ڕاشیگه‌یاند بۆ یه‌كه‌م جار به‌ هاوكاری ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان توانیمان ئاڵای كوردستان له‌به‌رده‌م شاره‌وانی شاری تورونتۆ ( ستی هۆڵ ) هه‌ڵكه‌ین. له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا كریجیانیس به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تورونتۆی پێشكه‌ش به‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی كه‌نه‌دا كرد.

له‌ كۆتاییدا هونه‌رمه‌ندان چۆپی فه‌تاح و ئومێد باڵه‌بان به‌ هاوكاری تیپی میوزیكی كوردی و سه‌په‌رشتی نه‌وروز خه‌فاف به‌ گۆڕانی فۆلكلۆری و زه‌ماوه‌ندی به‌شداربووان تا كاتێكی دره‌نگ ئاهه‌نگی ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێریان ڕازانده‌وه‌.

ئه‌م بابه‌ته 354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:12:27/02/2020