سەرۆک وەزیری بریتانیا ڕێکەوتنی چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئۆرووپای واژۆ کرد

سەرۆک وەزیری بریتانیا ڕێکەوتنی چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئۆرووپای واژۆ کرد
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕۆژی هەینی٥ی ڕەشەممە، بۆریس جانسۆن سەرۆک وەزیری بریتانیا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی چوونەدەرەوەی وڵاتی خۆی لە یەکێتی ئۆرووپا "برێگزیت" واژۆ کردووە.
بۆریس جانسۆن وێنەیەکی خۆی کە خەریکی واژۆکردنی ڕێکەوتنە لەسەر ماڵپەڕی توییتێری خۆی بڵاوکردەوە، ڕێکەوتنێک کە بە پێی ئەوە بریتانیا تا حەوتەی داهاتوو و ڕ‌ێکەوتی دیاریکراو ٣١ی ژانویە لە یەکێتی ئۆرووپا دەچێتە دەر.
ئەو لەو توییتەدا نووسی: "لەگەڵ ڕێز بۆ بڕیاری دێموکڕاتیکی خەڵکی بریتانیا، ئەمڕۆ من ڕێکەوتنی چوونەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئۆرووپا لە ڕۆژی ٣١ی ژانویەم واژۆ کردووە." و هەروەها واژۆ کردنی ئەم ڕێکەوتنەی وەکوو "وەرزێکی نوێ" لە مێژووی بریتانیا پێناسە کرد.
چەندین کاتژمێر پێش لەوە ڕێبەرانی یەکێتی ئۆرووپاش ڕێکەوتنی برێگزیتیان لە بروکسێل واژۆ کردبوو تا ئەو ڕێکەوتنە ڕادەستی لەندەن بکرێت.
واژۆکردنی ڕێکەوتنی برێگزیت لە دوای دەنگدانی ماوەی پێشووی مەجلیسی عەوامی بریتانیا بە گەڵاڵەی دەوڵەت ئەنجام درا و کۆتایی بە زیاتر لە سێ ساڵ گەنگەشە لەو بوارەدا دا.
خەڵکی بریتانیا ساڵی ٢٠١٦ لە ڕاپرسییەک دا، دەنگیان بە چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئۆرووپا دا کە ئەمە بۆخۆی بوو بە کێشەیەک بۆ لەندەن.

ئه‌م بابه‌ته 70 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:13:25/01/2020