گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم بۆسەر بنەماڵەی "بورهان مەنسوور نیا" بەردەوامە

گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم بۆسەر بنەماڵەی
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی زانیارییەکان گوشاری ناوەندە  ئەمنیەتییەکانی ڕژیم بۆ سەر بنەماڵەی دوکتور "بورهان مەنسوور نیا" یەکێک لە گیانبەختکردووانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ کە شاری کرماشان گیانی لەدەستدا بەردەوامە.
دوکتور "بورهان مەنسوور نیا" خەڵکی شاری "مەریوان" بوو کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار تا ئیستا لانیکەم ٣٠ جار بنەماڵەی نابراو بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم کراون و چەندین جار لە لایەن پێش نوێژی هەینی، فەرماندار و فەرماندەی سوپای مەریوان گوشار خراوەتە سەرییان و بە شێوەی جۆراجۆر خوازیاری ئەوە بوون کە "بورهان مەنسوورنیا" وەک شەهیدی کۆماری ئیسلامی، بناسرێت.
بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی مەریوان پەروەندە سازییان بۆ بنەماڵەی مەنسوور نیا کردوە و دەیانەوێت کە دیکۆمنتارییەک لە ژێر هێژموونی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی خۆیان دا سەبارەت بە دوکتور "بورهان مەنسوورنیا" و بنەماڵەی ناوبراو درووست بکەن، بەڵام بنەماڵەی مەنسوورنیا، ئەو داخوزایەی ڕژیمیان قبووڵ نەکردوە.
سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ناوبراو ڕایگەیاندوە، بە هۆی ئەوەی کە دوکتور "بورهان مەنسوورنیا" لە کاتی کوژرانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە، سەرباز بووە و هەروەها بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی مەدەرەکی باڵا بوە، هێزەکانی ڕژیم بە شێوەی جۆراوجۆر هەر لە یەکەم ساتەکانی وەرگرتنەوەی تەرمی "بورهان" لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم دان و شەوی یەکەم لە ڕێگای خزمێکیانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت هەر ئەمشەو ٢٧ی خەزڵوەری ٩٨ی هەتاوی تەرمی کوڕەکەتان بە بێ ئاگادار کردنەوەی خزم و کەسوکارەکەتان بە خال بسپێرن، ئەگەر ئەو کارە نەکەن تەرمەکەتان لێ وەر دەگرنەوە.
پێویستە بوترێت:  "مەنسوور مورادی"  نوێنەری ئەو شاری مەریوان لە مەجلیس بە شێوەی تەلەفوونی خوازیاری ئەوە بووە کە سەردانی بنەمالەی "مەنسوور نیا" بکات و بە گرتنی وێنە و فیلم   لە پڕ وپاگەندەی هەڵبژاردنەکان کەڵکی لێ وەر بگرێت بەڵام ئەو بنەماڵەیە ڕازی نەبوون.
بنەماڵەی مەنسوورنیا سەرەڕای ئەوەی کە تا ئیستا داخوازییەکانی ڕژیمیان ڕەد کردوەتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو بە شەهیدی کۆماری ئیسلامی بناسن و یا لە لایەن ڕژیمەوە دیکۆمینتاری لەسەر ساز بکرێت، ڕایان گەیاندوە کە ئەو کارە دوورە لە ئینسانیەت و ڕۆحیەی موبارزاتی ئازادی خوازی خەڵک. بنەمالەی ناوبراو هەروەها خوازیاری دادگایی کردنی دوکتور "م،ش" دوکتوری نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان بوون کە ڕێگای بە پەرەستارەکان نەداوە خزمەت گوزاری پزیشکی بە "بورهان مەنسوورنیا" بگەیەنن چونکە برینی بورهان بە شێوەیەک بوو کە ئەگەر پێ ڕاگەیشتنیان پێ بکردایەت ئیمکانی گیان بەختکردنی زۆر کەم بوو و هەر وەها خوازیاری شناسایی و دادگایی کردنی ئەو کەسە بوون کە تەقەی لە بورهان مەنسوور نیا کردوە.
ئەگەرچی هێزەکانی ڕژیم باسیان لەوە کردوە کە لە گەڕەکی دەوڵەت ئابادی کرماشان ئەو شەوە چەکدارەکانیان تەقەیان نەکردوە لە خەڵک بەڵام بە پێی زانیارییەکان ئەو شەوە لەو گەڕەکە ٨ کەسی دیکە بە هۆی تەقەی هێزە چەکدار و سەرکوت گەرەکانی ڕژیمەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:05:25/01/2020