ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ڕێژەی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران گەیشتووتە لانیکەم ١٦١کەس


ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ڕێژەی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران گەیشتووتە لانیکەم ١٦١کەس

ڕێکخراوی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" لە نوێترین ڕاپۆڕتی خۆیدا، ڕێژەی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێرانی لانیکەم ١٦١ کەس ڕاگەیاند.
ئەو ڕێکخراوە ڕۆژی هەینی هەشتی سەرماوەز لە ماڵپەڕی تویتێری خۆیدا نووسی: "بە پێی ڕاپۆڕتە متمانەپێکراوەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕێژەی خۆپیشاندەرانی کوژراوی ئیرانی بە ١٦١ کەس گەیشتووە. ئەگەری کوژراوی زۆر زیاتر هەیە." و لە درێژەدا داوای لە کۆمەڵگای نیونەتەوەیی کردووە کە لەم بوارەدا بەرپرسانی ئێرانی ئەرکدار بکات کە بە زووترین کات وڵامدەر بن.
ئامارێکی درووست و فەرمی سەبارەت بە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەبەردەستدا نییە و بەرپرسانی ئێرانیش تا بە ئێستا هیچ چەشنە زانیەرییەکیان سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران ڕانەگەیاندووە.
پێشووتر عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەت ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر لەو بوارەدا چەند ڕۆژی بە پێویست زانیبوو بۆ ڕاگەیاندنی ڕێژەی کوژراوەکانی ئێران ، بەڵام بە گوزەرانی ١٠ ڕۆژ هیچ زانیارییەکی فەرمی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیەندراوە.

ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:32:30/11/2019