مەکرۆن؛ ئەمریکا و ئێران ڕێگەی چوونە دەرەوە لە بەرجامیان هەڵبژاردووە!

مەکرۆن؛ ئەمریکا و ئێران ڕێگەی چوونە دەرەوە لە بەرجامیان هەڵبژاردووە!

ئاسۆی ڕۆژ/ لە کاردانەوەیەکی ڕاشکاوانە بە هەوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی بەرجام، سەرۆک کۆماری فەڕانسە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، وێڕای ڕەخنە گرتن لە دوو شەریکە سەرەکییەکە لە بەرجامدا (واتە ئێران و ئەمریکا) ئەوانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگەی چوونە دەرەوە لە ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی بەرجامیان هەڵبژاردووە. 
دەوڵەتی فەڕانسە پێشووتر لە کاردانەوە بە هەنگاوی نوێی (چوارەم) کۆماری ئیسلامی بۆ پێشێل کردنی بەڵێنەکانی لە بەرجامدا، ڕۆژی سێ شەممە ڕەخنە توندی لەم کارەی کۆماری ئیسلامی گرتووە و کاردانەوەی سەرەکی لەم بارەیەوەی سپاردە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی.
پێشووتر مەکرۆن گەڵاڵەیەکی بۆ کەم کردنەوە گرژییەکانی ئێران و ئەمریکای خستبوویە ڕوو کە تێیدا ئێران لە بری پێدانی ١٥ میلیارد دۆلار دەست لە پێشێلکارییەکانی بەڵێنەکانی لە بەرجام هەڵبگرێت کە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە. 
ساڵی ٢٠١٥ ڕێکەوتنی بەرجام لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانی (ئەمریکا، چین، ڕوسییە، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان) واژۆ کرا، بەڵام ١٨ مانگ لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو ڕێکەوتننامەیە هاتە دەرێ و کۆمەڵێک گەمارۆی نوێشی دژی ئێران خستە بواری جێ بەجێ کردنەوە. 
ترامپ لەو باوەڕەدایە کە بەرجام گومانەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگای جیهانی بۆ دەست پێڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی کۆمەڵکووژی "ئەتۆمی"ی لە لایەن ئێرانەوە دەستەبەر ناکات و ئێران دەبێت ئامادەی ڕێکەوتننامەیەک بێت کە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای جیهانی بڕەوێنێتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:59:06/11/2019