بێ ئاوی لە ٥٩ شاری ئێران جیددیە

بێ ئاوی لە ٥٩ شاری ئێران جیددیە

ئامارەکانی کۆمپانیای بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکان دەریدەخات کە سەرەڕای پێشبینییەکانی ڕێکخراوی کەشناسی، بۆ پاییزێکی پڕبارانی ئەمساڵ، بێ ئاوی لە ئێران جیددییە.

وەزیری وزەی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە ٥٩ شار لە ئێران تووشی بێ ئاویی جیددین و وتوویەتی ئەمە تەنیا پێوەندی بە کەمی ئاو نییە، بەڵکوو بەشێکی پێوەندی بە نەبوونی کەل و پەلی پێویست بۆ گەیاندنی ئاو هەیە.

بە پێی وتەی وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامی لەو ٥٩ شارە، ٢٥ شار کەمی وەبەرهێنانی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و کەمتر لە ٢٠٪ ی پێویستی شارەکە دابین دەکەن و ٣٤ شارەکەی دیکە تەنیا ٢٠٪ ئاوی پێویستی دانیشتوانی بەرهەم دێنن. ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە پێی پێویست ئاو لە مەخزەن و تاکێرەکان ئاو بوونی هەیە. 

بە پێی وتەی وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامی قەیرانی ئاو لە ئۆستانەکانی ئیسفەهان، بوشهێر، خوراسانی ڕەزەوی، بەلووچستان، فارس، کرمان و هۆرمزگان بەرچاوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانی گەورە لە نێوان خەڵکی سێ ئۆستانی فارس و هۆرمزگان و ئیسفەهان لە سەر ئاو بۆ خواردنەوە و بۆ کشت و کاڵ هاتە ئاراوە و چەند کەسێکیش تێیدا کوژران.

بە پێی ئامارەکانی خودی کۆماری ئیسلامی کە هەواڵنێری ئیرنا لە ٤ی گوڵانی ساڵی ڕابردوو بڵاو کردۆتەوە ٣٣٤ شار و ١١٥٧ گوندی ئێران تووشی قەیرانی ئاون.

بە پێی ئاماری وەزارەتی نیروی ئێران ١٦٥ شار کە ١٠ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیان تێدا نێشتەجێیە لە دۆخی زەرد، ٦٢ شار کە ٦ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسیان تێدا نیشتەجێیە لە دۆخی پرتەقاڵی و ١٠٧ شار کە ١٧ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیان تێدا نیشتەجێیە لە دۆخی سوور دان. بە پێی ئەو ئامارە لانی کەم ٣٤ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران تووشی قەیرانی بێ ئاوین.

سیاسەتە هەڵەکانی ڕژیم و هەلپەرەستی بەرپرسانی ڕژیم بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و نەبوونی ستراتیژی گونجاو بۆ ئیدارەدانی سیستمی ئاو لە ئێران، خەڵکی ئێرانیان تووشی گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیانیان کردۆتەوە. 


ئه‌م بابه‌ته 90 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:28:05/09/2019