لە فەڕانسە زەریف سووک کرا بەناچار پەنای بردە بەر وێنە ئەرشیڤییەکانی لەگەڵ مەکرۆن

لە فەڕانسە زەریف سووک کرا
بەناچار پەنای بردە بەر وێنە ئەرشیڤییەکانی لەگەڵ مەکرۆن
زەریف لە کاتی گەیشتنی بۆ فەڕانسە

ئاسۆی ڕۆژ
لە درێژەی گەشتە ئۆرووپاییەکەی جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هەینی گەیشتە فەڕانسە.
زەریف شەوی ڕابردوو لە ئۆسلۆ لە وڵاتی نۆروێژەوە ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە بە دوای گفت و گۆ تەلەیفوونییەکانی ڕووحانی و مەکرۆن سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە سەردانی فەڕانسە بکات.
خاڵی جێی سرنج لە سەردانەکەی بۆ فەڕانسە ئەوە بوو کە لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکەکەی، لە لایەن هیچ بەرپرسێکی فەڕەنساوە پێشوازی نەکرا. لە کاتێک دا پێشوازی کردن لە وەزیرانی دەروەی وڵاتان خاوەن پرۆتۆکۆلی تایبەتی خۆیەتی و ئەنجام نەدانی ئەم ڕێ و ڕەسمە پرۆتۆکۆلییە، سووکایەتییەکی زەقە بەرامبەر بە زەریف و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زەریفی وەک نوێنەری خۆی بۆ فەڕانسە ناردووە.
سەردانەکەی زەریف پاش ئەوە دێت کە لە وڵاتانی سوئێد و نۆروێژ لەگەڵ ناڕەزایەتی بەرچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە بەرەوڕوو بوویەوە. ئەگەرچی ئێرانییە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە فەڕانسەش لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە خۆپیشاندانی ئیعترازییان بەڕێوە برد. 
دیدارەکەی زەریف لەگەڵ مەکرۆن سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە ڕۆژێک پاش دانیشتنەکەی وڵاتانی گرووپی ٧، ٧ وڵاتی پیشەسازی جیهان بوو کە لە فەڕانسە بەڕێوە چوو. ئامانج لەو دیدارە دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ زیندوو ڕاگرتنی ڕێکەوتننامەی "بەرجام" ڕاگەیەنراوە کە ساڵی پار بە دوای کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی بە مەرگی ئەو ڕێکەوتننامەیەی دەزانن. 
ئێران لە دوو قۆناغ پابەندبوونەکانی لە ڕیکەوتننامەی بەرجام کشایەوە بۆ ئەوەی ئۆرووپاییەکان ناچار بە ئەنجامی بەڵێنەکانیان بکەن لە بەرجامدا، کە لەگەڵ ڕەخنەی تووندی ئۆرووپاییەکان بەرەوڕوو بوویەوە. 
زەریف تەنانەت لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتێر بە هۆی سووکایەتییەکی کەم وێنە بەرامبەری ناچار بۆ بڵاوکردنەوەی دیدارەکەی لەگەڵ مەکرۆن، لە وێنە ئەرشیڤییەکانی پێشووی کەڵکی وەرگرتووە.

ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:58:23/08/2019