وتەی بەرپرسێکی ڕژیم؛ ئاگرەکەی ئەرەسباران بە ئەنقەست بووە!

وتەی بەرپرسێکی ڕژیم؛ ئاگرەکەی ئەرەسباران بە ئەنقەست بووە!

ئاسۆی ڕۆژی

لە کاتێکدا کە ڕۆژانە ئاسۆی ڕۆژهەڵات، باسی لە ئاگرتێبەردانی بە ئەنقەستی لە جەنگەڵ و دارستان و سرووشتی کوردستان دەکرد کە ساڵانێک بە پیلانی بەرپرسان و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام دەدرێت، حەمید زوهرابی، جێگری ڕێکخراوی ژینگەی کۆماری ئیسلامی باس لە بە ئەنقەست بوونی ئاگرکەوتنەوەیەک لە جەنگەڵ و دارستانەکانی ئەرەسباران لە ئۆستانی ئازەربایجانی شەرقی دەکات

زوهرابی بۆ تاوتوێ کردنی ئاگرکەی ئەرەسباران، ڕۆژی هەینی یەکی خەرمانان سەردانی ناوچەکەی کردووبوو بە هەواڵنێری ئیسنای وتووە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەم ئاگرە بە ئەنقەست بووە

لە ماوەی ٣ ڕۆژ لەمەوبەرەوە ناوچەیەکی بەرین لە جەنگەڵ و دارستانەکانی ئەرەسباران کە لە ساڵی ١٩٩٧ بەهۆی بوونی جۆراوجۆری ڕووەک و ئاژەڵەکان لە لایەن ڕێکخراوی ژینگەی جیهانییەوە بە پاشکەوتی گۆی زەوی ناسراوە، ئاگر کەوتەوە و زیاتر لە ٣٠٠ هێکتار لەو ناوچەیە سووتا.

کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی دژە سروشت و ژینگە بە تایبەتی لە کوردستان بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە کە دەتوانن لەو دارستانانە خۆیان حەشار بدەن ساڵان سەدان هێکتار لە جەنگەڵ و دارستانەکانی کوردستان کە سەروەتی خەڵکی کوردستانە، دەسپێرێتە دەم ئاگر. ئەمە لە حاڵێکدایە چالاکانی ژینگەپارێز لە ئێران و لە کوردستان بە تایبەتی دەکەونە بە ئەزەیەت و ئازار و گرتن و تەنانە تیرۆر و کوشتنیشەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ٣ی خەرمانان ٢ کەس لە ژینگەپارێزانی کوردستان بە مەرگێکی گوماناوی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر سووتان و گیانیان لە دەست دا


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:49:23/08/2019