جان بۆڵتۆن؛ ئێران نابێت ئیزنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێ بدرێت

جان بۆڵتۆن؛ ئێران نابێت ئیزنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێ بدرێت

جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتوویەتی کە کۆماری ئیسلامی نابێت ئیزنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێ بدرێت.

بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر نووسیویەتی؛ "یەکیک لە خراپترین هەڵەکان لە ڕێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران کە ئێستا دەردەکەوێت دەرکەوت ئەویش ئیزن دان بوو بە ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم. ئێران نابێت ئیزنی پیتاندنی یۆرانیمی هەبێت. ئەوپەڕی گوشارەکان تا ڕاگرتنی تەواوی زێدەخوازییە ناوکییەکان و کردەوە دوژمنکارانەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.”

ئاماژەی جان بۆڵتۆن بە بردنە سەرەوەی خەستی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە بەم دواییانە ڕاگەیەنرا.

کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی پووشپەڕ بە شێوەی ڕەسمی ڕایگەیاند کە بەرامبەر بە بەڵێنەکانی بە ڕێکەوتننامەی ناوکی سەبارەت بە "خەستی و ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو” پابەند نابێت و باسی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٥ دەرسەدی کرد. بە پێی ڕێکەوتننامەی بەرجام ئێران ناتوانێت یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە خەستی سەرو ٣.٦٧ دەرسەدی هەبێت. ئێران پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە دێپۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوەکەی زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆیە کە ئەمەش بە پێی ڕێکەوتننامەی بەرجام ڕێگە پێنەدراوە.

دۆناڵد ترامپ پیتاندنی یۆرانیۆمی سەرو ٣.٦٧٪ و ڕاگرتنی زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆ لەم یۆرانیۆمە لە لایەن ئێرانەوە بە پێشێل کردنی ڕێکەوتننامەی بەرجام زانیوە. 

وڵاتانی ئۆرووپای هەموو هەوڵیان خستۆتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی ئێران لە ڕێکەوتننامەی بەرجام و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستەش سازوکاری ئینستێکسیان بۆ دان و ستان لەگەڵ ئێران ڕێکخستووە کە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەخنەی زۆریان لێ گیراوە. 

چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران گوماناویی بۆ دروست کردنی چەکی کۆمەڵکوژی ئەتۆمی و ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە ڕێ لە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگرن. 

دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی دەتوانێت بە لەبەرچاوگرتنی شەڕەنگێزی و پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و هاوکات موشەکە بالیستیکەکانی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی بۆمبی ئەتۆمییان هەیە، ئەمنییەت و ئاسایشی هەموو جیهان بخاتە مەترسییەوە. 



ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:36:19/07/2019