دابەزینی توندی گەشەی ئابووری چین بۆ کەمترین ڕێژە لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا

دابەزینی توندی گەشەی ئابووری چین بۆ کەمترین ڕێژە لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا

ئاسۆی ڕۆژهەڵات

ناوەندی ئاماری چین لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەڵێت؛ گەشەی بەرهەمی ناخالسی ئەم وڵاتە لە ماوەی سێ مانگی دووەمی ئەمساڵی زایینیدا بۆ ٦.٢ ٪ دابەزیوە

گەشەی بەرهەمی ناخالسی ناوخۆیی چین لە ماوەی مانگەکانی ئاپریل و ژوەن، بۆ نزمترین ئاستی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ گەیشتووە

دابەزینی ڕەوتی گەشەی ئابووری چین لە کاتێکدایە جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە دەستی پێکردووە و لە مانگی مەی ئەمساڵ هەردوو لا تەعرەفەی قورسی گومرکییان بۆ هاوردە کردنی کاڵای یەکتر خستە بواری جێ بە جێ کردنەوە، بابەتێک کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هۆشداری بۆ دا و چاوەڕوان دەکرێت گەشەی ئابووری جیهان لە سێبەری ئەم شەڕە بازرگانییەی نێوا ئەم دوو زلهێزەی جیهانییە لەگەڵ نوشست بەرەوڕوو بێتەوە.

لە پێوەندەدا هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە زار کارنااسانی ئابووری ڕاپۆرتی داوە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە گەشەی ئابووری چین لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بۆ ٦.١ تا ٦ ٪ دادەبەزێت.

چین بۆ دەربازبوون لە پاشهاتەکانی جەنگی تیجاری لەگەڵ ئەمریکا باجی سەر کاڵاکانی بە ڕێژەی ٢٩١ میلیارد دۆلار دابەزاندووە و ئیزنی بە بڵاوبوونەوەی زیاتر لە ٣٠٠ میلیارد دۆلار ئەوراقی بەنرخی دەوڵەتی داوە

لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی پێکەن بۆ هاندانی سەرمایەگوزاری لە بەشە جیاجیاکانی ئابووری، لە ساڵی ڕابردوووە تا ئێستا شەش جار نرخی بەهرەی بانکی دابەزاندووە و ڕۆیتێرز لە زار سەرچاوەکانییەوە باس لەوە دەکات کە تا کۆتایی ئەمساڵ دوو جاری تر نرخی سوودی بانکی دادەبەزێنێت.

دابەزینی نرخی سوودی بانکی دەبێتە هۆی ئەوەی سەرمایەدارەکان، پاڵنەری پێویستیان بۆ ڕاگرتنی پارەکانی خۆیان لە بانکەکاندا نەبێت و ئەوان لە بەشە جیاوازەکانی ئابووری سەرمایەگوزاری بکەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە خێرایی بەرامبەر بە دابەزینی ڕەوتی گەشەی ئابووری چین کاردانەوەی نواندووە و بە بڵاوکردنەوەی تویتێک وتوویەتی؛ "ئێمە لە بردنە سەرەوەی تەعرەفە گومرکییەکان لەگەڵ چین چەند سەد میلیارد دۆلارمان دەسکەوتووە و ڕەنگە ئەم ڕێژەیەش بەرزتر ببێتەوە. ئەم داهاتانە لە سەر شانی چینە، نە باجدەرەکانی ئەمریکایی.”

بەمحاڵەشەوە، ئامارەکانی گومرکی چین دەری دەخەن کە هەناردەی ئەم وڵاتە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی زایینی ٣.٩ لە سەد گەشەی کردووە لە چاو خولی هاوشێوەی ساڵی پار گەیشتۆتە ٢.١٣ تریلیۆن دۆلار.

ڕۆیتێرزیش بە ئاماژە بە چوونە سەرەوەی هەناردەکردنی چین نووسیویەتی کە بە گەشەسەندنی تەعرەفە گومرکییەکان، کۆمپانیا چینییەکان هەوڵیان داوە بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆیان هەرچی زووتر بفرۆشن، بەڵام ئامارەکانی مانگی ژوەن دەری دەخات کە هەم هەناردەی کاڵاکان و هەمیش هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان لەم مانگەدا دابەزیوە






زوو بائۆلیانگ ئابووری ناسی باڵا لە ناوەندی زانیاری دەوڵەتی وتوویەتی کە چاوەڕوان نەکراوە گەشەی بەرهەمی ناخالسی ناوخۆی چین لە ساڵی داهاتوو بگاتە ٥.٨ دەرسەد.

سەرەڕای چوونە سەرەوەی تەعرەفە گومرکییەکان بە پێی دوایین ئاماری ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئەمریکا، تەرازی بازرگانی ئەم وڵاتە لەگەڵ چین لە ٥ مانگی سەرەتای ساڵ، زیاتر لە ١٥٢ میلیارد دۆلار بە قازانجی چین بووە. ئامارە گومرکییەکانی چینیش کەم تا کورتێک ئەم ڕەقەمە نیشان دەدەنەوە.

هەناردەی ٥ مانگەی ئەم وڵاتە بۆ ئەمریکاش لە خولی هاوشێوەی ساڵی پار ٨.٤ ٪  و هاوردەکردنی لە ئەمریکاوە ٢٩.٦ دەرسەد دابەزیوە

سندووقی نێونەتەوەیی دراو گەشەی ئابووری چینی بۆ ئەمساڵ لە ٦.٣ دەرسەد و گەشەی ئابووری ئەمریکا ٢.٣ دەرسەد پێشبینی کردووە

ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە بۆ چین ٦.٦ دەرسەد و بۆ ئەمریکا ٢.٩ دەرسەد بووە



ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:45:16/07/2019