دوایین هەواڵەکان لە تۆپباران کردنی بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات

دوایین هەواڵەکان لە تۆپباران کردنی بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تۆپخانە و هێلیکۆپتێری شەڕکەر، بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بۆردومان کرد و تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش بەردەوامە.

هەواڵنێرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە سنووری بەربەزین پێیان ڕاگەیاندین: تا ئێستاش بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەم ناوچەیە لە ژێر بۆردومانی قورسی فڕۆکەکانی ئێران دایە و چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی بە چڕی دەستی کردووە بە بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی بەربەزین، هەڵگورد و کێلەشین لە سنووری نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات و لەگەڵ ئەوەی زەرەر و زیانێکی مادی یەکجار زۆری بە خانوو و باخاتی خەڵکی ئەم ناوچانە گەیاندووە، خەسارەتی گیانیشی بەدواوە بووە.

لە بۆردومانەکەی ئەمڕۆدا، سێ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان برینداربوون کە دۆخی تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.

لە لایەکیتریشەوە، ڕۆژی ڕابردوو، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک بە هۆی بۆردومانەکەوە کوژران و برینداربوون، کە کوژراوەکە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵان بوو.

پێویستە بوترێ، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەم جارە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بەم شێوەیە تۆپباران دەکرێت کە ئەمە خۆی دەتوانێ ئاماژە بە ترس و دڵەڕاوکێی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕانکاری جیدی لە ئێران دابێ کە بزووتنەوەی کورد و ڕێبەرایەتیەکەی بە ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە ناوچەکە دەبینێت و بێ گومان ئەم هەوڵانەشی بۆ دوورخستنەوەیانە لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ سووتان و ئاگرتێبەردانی خانوو و باخ و زەوی و زاری خەڵکیش بۆ هاندانی خەڵکی ئەم ناوچانەیە بە دژی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان کە تا ئێستاش هەوڵەکانی بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:39:11/07/2019