مایک پۆمپێئۆ: ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران بەردەوام دەبێت

مایک پۆمپێئۆ: ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران بەردەوام دەبێت
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئەمریکا دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆ نوێکان لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، لە پەیامێک دا لە تویتێر وتی: ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر ڕژیمی ئێران بەردەوام دەبێت.
هەروەها مایک پۆمپێئۆ وتی: وەزارەتی خەزێنەداری گەمارۆی نوێی بۆ بەشێک لە پێتڕۆشیمی ئێران کە پاڵپشتی سپای پاسداران دەکات سەپاند. ئەمریکا ڕێگری لەو پارە و داهاتە دەکات کە ڕژیمی ئێران ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا پێک بهێنێت.
ئەمریکا بە ئامانج پەکخستنی پیشەسازی پێتڕۆشیمی ئێران، لیستێکی لە ٣٩ ناوەندی پەیوەندیدار خستە لیستی گەمارۆکانەوە. سەرەکیترین کۆمپانیا و پیشەسازی گرێدراو بە پێتڕۆشیمی ئێران بە پێی لیستی خەزێنەداری ئەمریکا چوونە ناو ڕیزی گەمارۆکانەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوێک ڕۆژی هەینی ١٧ی جۆزەردان لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا بڵاو بووتەوە، کۆمپانیای پیشەسازی پێتڕۆشیمی خەلیجی فارس بە هۆی یارمەتی ماڵی قەرارگای"خاتەم و لئەنبیا" کە ناوەندی ئەندازیاری و ساخت و سازی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیە چووتە ناو گەمارۆکانەوە.
لەو لیستەدا ٣٨ کۆمپانیا و پیشەسازی سەر بە پیشەسازی پێترۆشیمی کۆماری ئیسلامی چوونەتە ناو گەمارۆکانەوە.
کۆمپانیای سەنعەتی پێترۆشیمی خەلیج، بە تەنیا نیوەی هەناردەکردنی پێتڕۆشیمی ئێرانی لە قۆرغ کردووە.
سیگاڵ مەندڵکر جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لە بابەتی ترۆریسم و ئیتلاعاتی پوڵی دا لە بەیاننامە یەک دا وتی: سپای پاسداران بە شێوازی سیستماتیک دەچێتە ناو بەشە گرینگەکانی ئابووری ئێران تا سندووقەکانی خۆی پڕ کات و دژ بە ئێمە خەریکی چالاکی دوژمنکارانە دەبێت.
ئەمریکا لە یەک ساڵی پێشوودا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە هاتنە دەرەوە لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی گەمارۆکان زیاد کردووە.

ئه‌م بابه‌ته 78 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:16:09/06/2019