بەردی خۆر

بەردی خۆر


ئەرسەلان چەڵەبی

🔷جار جار حەز دەکەم بە پێی دەرفەت شیعرە شاکارەکانی جیهان بناسێنم. من وەک خۆم هەتا ئێستا هیچ شیعرێک وەکوو شیعری درێژی «بەردی خۆر»ی ئۆکتایو پاز» سەرسامی نەکردووم، یەکەم جار 13ساڵ پێش ئێستا خوێندمەوە و هەتا ئێستاش ساڵ نییە دوو یان سێ جار نەیخوێنمەوە!

پاز «Octavio Paz» لە ساڵی 1914ی زایینی لە میکزیک دێتە دونیا و لە ساڵی 1998یش کۆچی دوایی دەکا! 

لە ساڵی 1980 زانکۆی هاڕوارد دوکتوڕای شانازی پێ دەبەخشێ و لە ساڵی 1981یش گرینگترین خەڵاتی ئەدەبی سپانیا بە ناوی «سێروانتێس»ی پێ دەبەخشڕێت. لە ئاکامدا ساڵی 1990یش خەڵاتی نۆبێل دەباتەوە.

🔹»پاز» دانی بەوە داهێناوە کە یەک لەو شاعیرانەی کاریگەری لە سەر بووە و دەروازەی شیعری مۆدێرنی لەو دا دیتووەتەوە «تی ئێس ئێلیووت» بووە. ئیلیووت خۆی یەک لە مەزنە شاعیرانی هەموو مێژووی شیعری جیهانە کە دواتر لە رۆژیکی تر دا باسی دەکەم. پاز دەیگوت کە ئێلیووت ریگای ئاشت کردنەوەی سوننەت و مۆدێرنیتەی نیشان داوە. دواتر ئاشنایی پاز لە گەڵ جەماعەتی سووریالیزم لە پاریس یەک لە کاریگەرییە چارەنووس‌سازەکانی تر بوو کە ئاڵوگۆڕییەکی بنەڕەتی بە سەر روانینی پاز بۆ جیهان دا هێنا.

جا بۆ سووریالیزم چی نەکرد؟!!!!

🔹شیعری «بەردی خۆر» وەک یەک لە گرینگترین شیعرەکانی چاخی بیستەم تا رادەیەک منەتباری سووریالیزمە و ئەندێشە و روانینی ئەو رێبازە بۆ جیهان و سروشت و ئەوین و ئازادی لە هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەو شیعرە دا دەتوانین ببینینەوە. پاز لەو شیعرەدا هاوکات هەم لەگەڵ رووناکی دەدوێ و هەمیش لەگەڵ تاریکی. لە ئەوین غافڵ نییە و مەرگیش بەردەوام جمەی دێت لە ناویا. چوارپەلی مۆسیقایی ئەو شیعرە وەک سەمفۆنییەکی بی کەم و زیاد وایە. لە راستیدا ئەو شیعرە خەبات و شۆڕش بۆ بە دەست هێنانی جوانییە! یارمەتیمان دەدا تێبگەین ئازادی تەڕایی تێدا نەماوە و هاوکاتیش پێمان دەڵێ ئازادی چ جیهانێکی بێ‌سنوور و جوانە و چەندەمان پێویستی پێیەتی!

🔹زۆرینەی نووسەرانی هاوچەرخی ئامریکای لاتین بە پازەوە منەتباری حکایەتە کۆنەکان و ئەفسانەکانی وڵاتانی خۆیانن، بە تایبەت مێکزیک کە سەرگوڵی ئەو سامانە لەبڕان نەهاتوویەیە، خودی پاز لە شیعری بەردی خۆر دا کەڵکێکی زۆری لەو حکایەت و ئەفسانە کۆنانە وەرگرتووە و رەگ و بنچ و بناوانی دیمەنە خەیاڵی و مێتافیزیکییەکانی ناو شیعرەکە هەمووی بۆ ئەو سامانە دەوڵەمەندە دەگەڕیتەوە،

حکایەتەکە کۆنەکان و ئەفسانە و هتد کە نووسەرانی وڵاتانی تر بە باشترین شێوە لە دەقی مۆدێرنی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە نووسەر و شاعیری کوردی گەنجی ئێستا لە سەتا نەوەد و پێنجی هەر نازانێ چشە و بەلاشی داناچێ! کوردێک کە خاوەنی ئەو میراتە مەزنەیە هیچ کەڵکێکی لێ وەرناگرێ و بگرە تەنانەت لێشی حاڵی نابێت و گەر یەکێکیش پێی بڵێ بیخوێنەوە لێت وەدەنگ دێت و بە لەدواکەوتوو و کلاسیکت ناوزەدت دەکا. دیسانەوە هاتینەوە سەر وتە هەمیشەییەکە: کۆمیک تڕاژیک، ئەوەسە!

🔹بە راستی قسە کردنی ئاوەها لە سەر شیعرێکی وەک «بەردی هەتاو» دەبێتەوە هیچ، خوینەر دەبێ دانیشی بە چەند جار بیخوێنێتەوە و وتار و شیکاری زۆر کە لە سەری نووسراوە تاو و توێی بکا و کون و کەلێنی روانینی پاز بۆ ئەدەبیات بکا و بیناسێ، هەتا لەو ریگەویەوە چۆڕە ئاوێکمان لەو کانیاوە کە باوەشێک ئاوی لێ دێتە دەرێ بەرکەوتبێ! بەڵام دەشتوانێ لانیکەم ببێتە بەگڕاندیکی گشتی بۆ هۆگرانی شیعڕ هەتا بیخوێننەوە.

ئەو شیعرە دەبێ هەموو کەس بیخوێنێتەوە. شیعرێکە بۆ هەموو سەردەمەکان و هەموو مرۆڤەکان، ئەوە دەقێک نییە لە سەردەمێکی تایبەت دا یان لە داهاتوو دا کۆن بێت. لەبەر ئەوەی ئەو شیعرە هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە ئازادی و جوانی کە پێم وانییە مرۆڤ قەتی پێ بگات و ناوکی خۆی وا بڕیوە کە هەتا گۆی زەوی هەیە بکوژرێت و بکووژێت و لە جەغزێکی کارەساتباری هەمیشەیی دا ژیان بە سەر بەرێت، بۆیە ئەو شیعرە پێویستییەکی ئەبەدییە و دەتوانێ هەموو کات هیوایەکیش بێت هەتا مرۆڤ ئاوەها ژیان بە کارەساتباری درێژە پێ نەدا.

🔹من چەندین وەرگێڕانم لە شیعری بەردی خۆر خویندووەتەوە، ئەحمەد میرعەلایی کردوویەتی بە فارسی، ئەحمەدی مەلا  کردوویەتی بە کوردی، چەند نووسەر و شاعیری رۆژهەڵاتی تریش لە فارسییەوە کردوویانە بە کوردی. لە راستیدا من تەنیا ئەوەی میرعەلایی و ئەحمەدی مەلا،م خوێندووەتەوە و ئەوانی ترم نەدیوە، هەرچەندی زمانی من کوردییە و هەموو کات حەز دەکەم وەرگێڕان بەو زمانە بخوێنمەوە بەڵام هێندەی چێژم لە وەرگێڕانە شاکارەکەی میرعەلایی وەرگرتووە لە کوردییەکەیم وەرنەگرتووە، دیارە کوردییەکەشی وەرگێڕانێکی جوانە بەڵام من وەک خۆم لە گەڵ فارسییەکەی باستر گونجام. میرعەلاییش کە یەک لە گوڵە گەشاوەکانی وەرگێڕانی ئێرانە کە خەڵکی ئێران نووسەرگەلێک وەکوو بۆرخێس و پاز و میلان کۆندرا و چەند نووسەری تریان لە رێگەی ئەوەوە ناسیوە. سەد جار بە داخەوە ئەحمەد میرعەلایی لە زنجیرە قەتڵەکانی دەهەی حەفتای هەتاوی بە دەست کۆماری ئیسلامی ئیران تێڕۆڕ دەکرێت. 

من پێشنیار دەکەم ئەگەر خوێندتانەوە وەرگێڕانەکەی میرعەلاییی و هەمیش ئەحمەدی مەلا وەچنگ بینن و بیخویننەوە.



ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:08:03/06/2019