پەنابەر، کورد و کۆمەڵە لە کتێبێکی دانمارکی بە ناوی " بەخێر نەهاتوەکان" ،"بەخێر هاتی بۆ دانمارک"

پەنابەر، کورد و کۆمەڵە لە کتێبێکی دانمارکی بە ناوی

خانمە ڕۆژنامەوانێکی دانمارکی بە ناوی" ستینە" کتێبێکی بە ناوی "بەخێر نەهاتوەکان” چاپ کردووە، ناوەرۆکی ئەم کتێبە کۆمەڵێک وتووێژە لە گەڵ ژمارەی ٦ پەنابەر لە نەتەوە جیا جیاکان، کە هەرکام لەوانە باسی پێشینەی خۆیان، نەتەوەکەیان، هۆکاری هەڵهاتنیان لە وڵاتی خۆیان و پەناخوازیان لە وڵاتی دانمارک و ڕوانینین بۆ کۆمەڵگای دانمارک و چاوەروانییەکانیان لە کۆمەڵگای دانمارکی لە خۆ گرتوە.

 

یەک لەو کەسانە وا وتوێژی لەگەڵ کراوە و وتو وێژەکەی کراوەتە بنەمای کاری کتێبەکە، کاک "خالد ئەحمەدی” گەنجێکی هەورامانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. 

کاک خالید لە وتووێژەکەیدا باس لە دۆخی مافی گەلی کورد وەک نەتەوەیەک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و باسی نەبوونی ئازادی و چالاکی سیاسی و مەدەنی و هەروەها باسی بێ مافی ژنان، منداڵ، کرێکار و ژینگەی مەدەنی و سیاسی  ئێران دەکات.

خانمە ڕۆژنامەنووسە دانمارکییەکە دەیهەوێت لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە پەیامێک بدات و بلێت کە؛ ڕاسیست و ڕەگەزپەرستەکان دڵڕەق و قین لە دڵن بەرامبەر بە خەڵکانی پەنابەر، لە کاتێكدا خەڵکی پەنابەر وەک دانمارکییەکان بۆ وڵاتی دانمارک دڵسۆز و خەمخۆرن.

کاک خالید لە بەشێک لە کتێبەکەدا دەڵێت: 

ناوم خالد.گەنجێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە گوندی کەماڵەی هەورامی تەخت لە دایک بووم. لە ئێران ماستەرم(فەوقە لیسانس)م وەرگرتوە. بە هۆی چالاکی سیاسییەوە گیراوم و بۆ ماوەی مانگێک لە زیندان کراوم، حەزم لە خوێندنەوە بووە، زۆربەی ئەو کتێب ونووسراوانە من و گەنجانی دیکەی خولیای خوێندنەوەیان بووین لە ئێران بە ئاسان دەست ناکەوێت و جار وبارەیش بڕێکیان قاچاخن و لە کاتێکدا بڕێک لەو کتێبانە گەر بە دەست خوێنەرەوە ببینرێت توشی گرفتی یاسایی و گرتنیش دەبووینەوە.

بۆ پەیدا کردنی ئەو بابەتانە کۆمەڵێک هاوڕێم هەبوو کە ئەوانیش خولیای هەمان خوێندنەوانە بوون، لە درێژەدا دەڵێ من خوازیاری وەدی هاتنی مافی گەلی کوردم، مافی کرێکارم دەوێ، یەکسانی ژن و پیاوم گەرەک، مافی منداڵ و ژینگەیەکی تەندروستم دەوێت، هەموو ئەوانە لە ئێران قەدەغەن و ئەو دروشمانەم لە سیاسەت وبەرنامەی کۆمەڵەدا بینیوەتەوە و بۆیە من وەک چالاکێکی سیاسی سەر بە کۆمەڵە لە ئێران هەڵسووڕاو بووم، بۆ ئارمانەکانم تێکۆشاوم و ئەو تێکۆشانانە لە ئێران قەدەغەیە، بۆیە جارێک کە گومانیان لێ کردم، خۆم و ژمارەیەک خوێندکاری دیکە یەک لەوانە گیانبەختکردوو "محەمەو کۆنەپۆشی”  لە لایەن ئیتلاعاتی مەریوان دەستگیر کراین و بۆ ماوەی مانگێک لە سلوولی تاکەکەسی لە گرتووخانەی ئتلاعاتی مەریواندا بووین.

لە بەشێک لە وت وێژەکەدا نووسەر لە کاک خالید دەپرسێت: 

هۆی دوژمنایەتی کۆمەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چییە؟ 

کاک خالد دەڵێ؛ ئێمە وەک کۆمەڵە داوای مافی گەلی کورد، مافی کرێکار، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی ژن وپیاو، مافی منداڵ، ئازادی و دیموکراسی، حکومەتێکی سێکۆلار، پاراستنی ژینگە، ئازادی بەیان و دوای بەیان، خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەین، هەموو ئەوانە لە ئێران قەدەغەن و خوازیارانی ئەو داواکارییانەی سەرەوە لە لایەن دام و دەزگای ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە تاوانبار دێنە ئەژمار و سزا دەدرێن. هەر بۆیە کۆمەڵە خوازیاری ڕاپەڕینە، ئەوە هۆکاری کێشەی نێوان کۆمەڵە و کۆماری ئیسلامییە.

دانمارک یەکێک لەو وڵاتانەی ئورووپایە کە ژمارەیەکی بەرچاو خەڵکانی دژی بیانی وپەنابەری تێدایە، واتە خەڵکانی ڕەگەز پەرەستی دژە پەنابەری زۆری تێدایە. هەستی ڕەگەز پەرەستی ڕۆژانە خەڵکانی پەنابەر و بیانی ڕووبەڕوی چزوی ئازاری بندەستەیی ئەکاتەوە.

نووسەری ئەوکتێبە مەبەستی کاریگەری دانا یان گۆڕینی ڕای یەکێتی ئورووپا، وڵاتانی سکاندیناوی و تایبەتی کۆمەڵگا و حکوومەتی دانمارکە لە سەر پەنابەر و نەتوە بیانییەکانی نیشتە جێ لە ئەورووپا و دانمارک.

لەو پێوەندییەدا تەلەوێزیۆنی دانمارک بڕیارە ڕۆژی ١٦ی مانگی ٥ لە کاناڵی تەلەویزیۆنی دی  ئار ٢. لە بەرنامەی بەیانیت باش دانمارک وتو و وێژێک لەگەڵ کاک خالد ئەحمەدی لە سەر دۆخی کورد و پەنابەر و کۆمەڵە و ئەوکتێبە دەبێ   

"سینە"ی نووسەری ئەو کتێبە تا لاپەڕەی ٢٧٨ی کتێبەکە لە سەر دۆخی پەنابەران و نەتەوەکانیان دەنووسێت و دواتر لە باسەکەی کاک خالد ناوی کتێبەکەی لە"" بەخێر نەهاتوەکان""وە ئەگۆڕێت بۆ "" بەخێر هاتی بۆ دانمارک""

کاک خالید ماوەی یەک مانگ لە زیندانی ئیتلاعاتی مەریوان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی بۆ کۆمەڵە دەست بەسەر کراوە و پاش ئەوەی هیچی لە سەر نەسەلماوە ئازاد کراوە. بەلای نووسەرەوە زۆر گرینگە کە کاک خالید لەو چالاکییە و زیندانی کرانەی پەشیمان نییە و وەک شانازییەکانی ژیانی لەوکتێبەدا باسی کردون. کاک خالید لە درێژەدا وتویە کە کوردستان مەبەستی سەرەکی منە و خۆشحاڵم کە توانیومە حیزبێکی سیاسی کراوەی وەک "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ” بناسم کە ئاواتەکانی خۆم و گەلی کوردی تیا ببینمەوە،ئەوەیش لە زومرەی شانازییەکانی ژیانمە. کاک خالید دەڵێت؛ ئەگەر دەتهەوێ کورد بناسی ئەبێ زەجر و ئازارەکان و بێمافییەکانی گەلی کورد بزانی و ئەوکات لێکی بدەیتەوە بۆ چی گەنجان دەبنە پێشمەرگە و دەبنە چالاکی سیاسی و ئامادەن قوربانی بۆ ڕزگاری بدەن، دەبێ بزانی چالاکی سیاسی ومەدەنی کورد چ زەجرێک ئەکێشێت.

...................

خالد ئەحمەدی ٣٢ ساڵ تەمەنیەتی و لە گوندی کەماڵەی هەورامانی تەخت لە دایک بوە و لە زانکۆکانی ئێران فەوقە لیسانسی بەرنامە ڕێژی شاری وئاوەدانی دێهاتەکانی گرتوە"" فوق لیسانس برنامەریزی شهری و توسعە روستایی""

ساڵی ٢٠١٣ کە خوێندکاری زانکۆ بوو بە تۆمەتی چالاکی سیاسی بۆ کۆمەڵە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەست بەسەر و مانگێک لەگرتوو خانەدا ماوەتەوە، پاش ئەوەی هیچی لە سەر نەسەلماوە ئازاد کراوە. ساڵی ٢٠١٥ ڕوی لە هەندەران کردوە و لە وڵاتی دانمارک نیشتە جێ بوە، بەخێرایی زمانی دانمارکی فێر بوە و چەندین کۆڕ و سمیناری جۆراو جۆری بە زمانی دانمارکی بەڕێوە بردووە. ئێستەیش وەک تێکۆشەرێکی کۆمەڵە لە دانمارک دەژی و سەرقاڵی چالاکی سیاسییە و بەردەوامە لە خوێندن و بۆ دابین کردنی ژیانی سەرقاڵی کار کردنیشە.






ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:08:56:10/05/2019