ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی لافاوەوە گیانی لە دەستداوە گەیشتە ٧٦ کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی لافاوەوە گیانی لە دەستداوە گەیشتە ٧٦ کەس


ئا:ئاسۆی رۆژ

بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی لافاوەکەی ئەم دواییانەی ئێرانەوە گیانیان لە دەستداوە گەیشتۆتە ٧٦ کەس. هەروەها هەزاران کەس بە هۆی لافاوەوە ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەستداوەو زیاتر لە ٦٠ هەزار میلیارد تمەن زیانی مادی لێکەوتۆتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی راگەیاندنێک کە وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردۆتەوە ئەگەری ئەوە هەیە لە رۆژانی داهاتوودا ئاوی ڕووبارەکانی رۆژهەڵاتی ئێران بەرز ببێتەوەو ببێت بە هۆی لافاو و زیان و خەسارەتی گیانی و مادی لێ بکەێتەوە.

ئەحمەد شوجاعی، بەرپرسی ناوەندی پزیشکی یاسایی ئێران رایگەیاندووە کە لە دەوری نوێی لافاوەکان لە پارێزگای خووزستان ٥ کەس گیانی لە دەستداوەو لە ئیلام ١ کەس بووە بە قوربانی و بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی لافاوەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە گەیشتۆتە ٧٦ کەس.

لە هەمانکاتدا "رەزا ئەردەکانیان" وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامی، لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی رژیم رایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە لە رۆژانی داهاتوودا بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی رۆژهەڵاتی ئێران، لافاو دروست بێت.

هاتنی لافاو لە زۆربەی زۆری پارێزگاکانی ئێران زیانی زۆری گیانی و ماددی لێکەتۆتەوە. شارەزایان بەشێکی زۆری ئەم زیانانە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە رژیم هەم بە شێوەی ناستاندارد و دوور لە پێوەرە زانستییەکان دەستی کردووە بە دروستکردنی بەنداو لە سەر ڕووبارەکان. هەروەها نەمانی دارستانەکان و بڕینەوەی درەختەکانیش بە هۆکارێکیتری هەستانی لافاو دەزانرێت لە ئێران. بەشێوەیەک کە تەنانەت خودی بەرپرسانی رژیمیش دان بەوەدا دەنێن فەوتانی دارستانەکان هۆکاری بەرچاوی هەستانی لافاو بووە لە زۆربەی زۆری پارێزگاکانی ئێران.

هەرچەند تا ئێستە بەراوردی تەواوی زیانەکان نەکراوە، بەڵام ئەم لافاوە زیانی زۆری بە کەرتی کشت و کاڵ لە پارێزگاکانی شیراز، خووزستان، لوڕستان و ئیلام و گوڵستان و خوراسانی باکوور گەیاندووە. هەروەها لە لوڕستان و خووزستان و گوڵستان بووە بە هۆی ڕووخانی بەشێکی زۆر لە خانووەکان و ئاوارەبوونی هەزاران بنەماڵە.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناکارامەبوونی سیستەمی خزمەتگوزاری و فریاگوزاری قەیرانەکان، یەکێکیتر لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی زیان و خەسارەتی زۆری ئەم لافاوانە بوو. تا ئێستاش لەبەشی زۆری ناوچەکان خزمەتگوزاری بە زیانبەرکەوتووانی ئەم لافاوە نەگەیەنراوە یان ئەوەیە ئاستی خزمەتگوزارییەکان زۆر کەمە. تەنانەت بە پێی هەندێ بەڵگە و وتەی شاهید حاڵەکان، رژیم بەر بە گەیاندنی خزمەتگوزاری و یارمەتی دەگرێت بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکە، بە تایبەت لە ناوچە لوڕ و لەک نشینەکان کە لە لایەن خەڵکەوەو بەتایبەت لە شارە کورد نشینەکانەوە یارمەتی زۆریان بۆ کۆ کرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بەناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات دەگات لە ناوچە کوردنشینەکان و لە شارە کوردنشینەکان بە گەرمی خەڵک پێشوازیان لە کەمپەینی "زاگرۆس چەوەڕێمانە" کردوەو یارمەتیان گەیاندۆتە بنکەکان، بەڵام هەر بە پێی زانیارییەکان رژیم چالاکانی ئەم کەمپەینانەی لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان، سەقز و مەریوان بانگ کردۆتە ئیتلاعات و هەڕەشەی لێکردوون کە نابێت یارمەتی کۆ بکەنەوە بۆ زیان بەرکەوتوانی لافاوەکەو پێویستە دەست ڕابگرن. تەنانەت لە مەهاباد چالاکانی کەمپەینیان ناچار کرد کە دەست ڕابگرن و کەمپەین بوەستێنن.

هەر بە پێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە بڵاو کراونەتەوە، چالاکانی کەمپەین لە لوڕستان و لەکستان بەکۆڵ یارمەتییەکانیان گەیاندۆتە گوندەکان و یارمەتیان پێ گەیاندوون.

چالاکێکی کەمپەین لەم پەیوەندەدا بە ئاسۆی رۆژی راگەیاند:" تا ئێستە خزمەتگوزاری و یارمەتی ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ناوچە زیان بەرکەوتووەکان لە ئاستی "سیفر"دایە. رژیم و بە تایبەت سپا جگە لەوەی ئامادە نین یارمەتی بگەیەنن بە خەڵکی لوڕستان و خووزستان تەنانەت بەر بەوە دەگرن یارمەتیان پێ بگات. "

ئەم چالاکە مەدەنییە هەروەها دەڵێت :" زیانەکانی لافاوەکە، چ زیانی ماددی و چ زیانی گیانی و چ زیانی ژینگەیی زۆر زیاترە لەوەی کە لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە باسی دەکرێت و دەبینرێت. لە زۆر شوێن لافاو گوندەکانی وێران کردوە. شاری وا لێکردووە کە رەنگە زەمانێکی زۆر ببات بۆ ئەوەی جارێکیتر بونیاد بنرێتەوەو نۆژەن بکرێتەوە. ئەمە ئەو شتە نییە کە لە میدیاکان دەبینرێت. میدیاکان و کامێراکان بەس شارەکان دەبینن. ئەوان ناگەنە گوندەکان. نابینن لە گوندەکان چی روویداوە. زیانەکان لە گوندەکان زۆر زیاترن. لەبەر ئەوەی وەک شارەکانیش خانوەکانیان پتەو و بەرز نییە. یان ئەندازیاری کۆڵان و شەقامەکان وەها نییە. "

ئەم چالاکە مەدەنییەو ئەندامی کەمپەینە لە قسەکانیدا دەڵێت :" ئێمە وەک چالاکانی کورد هەموو هەوڵی خۆماندا وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی یارمەتی زیانبەرکەوتوانی لافاوەکە بدەین. ئێمە تەنها یارمەتیمان بە خەڵکی لوڕستان و لەکستان نەگەیاند. لەبیرت بێت و ئەبێت وێنەکانیشی بڵاو بووبێتەوە کاروانی یارمەتییەکانی ئێمە گەیشتە گوڵستان و ناوچە تورکمەنەکان. ئەم کارەی ئێمە گەیاندنی پەیامی هاوپشتی و پشتیوانییە. خەلکی کوردستان سەرەڕای ئەوەی خۆیان لە دۆخێکی ئابووری خراپدان، سەرەڕای ئەوەی کە ئابووری ئێران و کوردستان تا دێت ڕوو لە خراپبوونە. بەڵام خەڵکی کوردستان لە دەمی خۆیان گرتەوەو گەیاندیانە کەمپەین. ئێمە وەک کەمپەین لە ناوچە زیان بەرکەوتووەکان شوێنی تایبەتی خۆمان و کەمپی تایبەتی خۆمان هەیە کە چاودێری دەکەین. لە "مامۆلان" کە بە "معمولان"یش ناوی دەبەن ئێمە خەریکی گەیاندنی یارمەتییەکانین بە خەڵک. بێگومان ئەم کارەی ئێمە و هاوکارەکانمان بێ کێشە نییە. هەموومان ئێمە خۆ نەویستانە دەستمان لە کاری خۆمان هەڵگرتووەو بەرەو ناوچە لافاو لێدراوەکان رۆیشتووین یان ئەوەیە کاتی خۆمان بۆ کەمپەین تەرخان کردووە. بەڵام دەوڵەت دەیهەوێت لە رێگای "هیلال احمر"ەوە یارمەتییەکان دابەش بکات و ئێمەش ئیزنی ئەمە نادەین."

ئەم چالاکەی کەمپەین لە قسەکانیدا وتی :" ژینگەی ناوچە لافاو لێدراوەکان لە دۆخێکی مەترسیداردایە. بە هۆی رۆچوونی زەوی و هەرەسی قوڕەوە زۆر شوێن زیانی بەر کەوتووە. دارستانەکانیش تەنانەت زیانیان بەر کەوتووە. پێویستە حکوومەت و ناوەندەکان هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە بە تەواوەتی بونیاد بنرێنەوە. "

لە قسەکانیدا هەروەها ئەم چالاکەی کەمپەین باسی لەوە کرد کە ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای لافاو کۆمەڵێک نەخۆشی لە ناو خەڵکدا بڵاو ببێتەوە. تا ئێستەش نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بینراوە. سکچوون. ڕشانەوە. لەو ناوچانە زۆر بەربڵاوە. خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ ناوچەکە لە ئاستێکی نزمدایە. خەڵک دەستیان با ئاو و خواردنی خاوێن ناگات. سەرچاوە ئاوەکان پیس بوون، لە زۆربەی شار و گوندەکان ئاوی ئاوەڕۆ و زێراب تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە بووە. ئەمە مەترسییە بۆ سەر تەندروستی خەڵک. لە دوای سێڵاو و کارەساتی لەمجۆرە زۆربەی کاتەکان کۆمەڵێک نەخۆشی گواستراوەیی بڵاو دەبێتەوە کە ئەگەر فریاگوزاری پزیشکی نەگات مەترسی لێدەکەوێتەوە."

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی رژیم ٢٥ کەسیان لە خووزستان بە تاوانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی لافاوەکە و هەروەها گەیاندنی یارمەتی بە خەڵک دەستگیر کردووە. لە لوڕستان ٣ کەس کە کورد بوون و بۆ یارمەتی خەڵک رۆیشتوون دەستگیر کراون و تا ئێستە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە. خەڵک لە لوڕستان و خووزستان لە یارمەتییەکانی دەوڵەت بێ هیوا بوون و خۆیان خەریکی دروستکردنی ئاوبەند و بەربەستن بۆ ئەوەی بەر بەوە بگرن لافاو بچێتە ناو ماڵەکانیان. تا ئێستە لە خووزستان ١٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. لە لوڕستان زۆربەی دانیشتوانی شاری "پول دوختەر" ئاوارە بوون. بە پێی زانیارییەکان زیاتر لە ٢٧٧ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی لافاوەوە ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە. لە خووزستان رژیم بۆ پاراستنی بنکە نەوتییەکان ئاراستەی ئاوەکەی بەرەو شوێنی ژیانی خەڵک یان مەزراو کێڵگەکان گۆڕێوە. ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتۆتەوە. لە چەند شار و ناوچەی خووزستان خەڵک خۆپیشاندانیان کرد دژ بە رژیم. لە شارەکانی خووزستان رژیم بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەڵک و بەرگرتن بەهەرچەشنە ناڕەزایەتییەک پەنای بۆ هێزەکانی "حەشدی شەعبی" عێراقی بردووە. بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ و بەڵگە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاڵای عێراقەوەو بە ماشێنەوە لە ناو شاری ئەهوازدا دەگەڕێن.



ئه‌م بابه‌ته 45 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:05:15/04/2019