زاگرۆس چاوەڕێمانە، لوڕستان تەنها نییە

زاگرۆس چاوەڕێمانە، لوڕستان تەنها نییە

بە پێی ئەو راپۆرت و هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە تا ئێستە ١٠ شاری پارێزگای لوڕستان لافاو گرتوویەتەوەو بەم هۆیەوە زیانی زۆریان بەر کەوتووە. بە پێی زانیارییەکان تا ئێستە تەرمی ١٤ شارۆمەندی لوڕستانی دۆزراوەتەوەو بەرزایی ئاو لە هەندێ لە شارەکان لەوانە پول دوختەر گەیشتۆتە ٦ مەتر.

گاز، کارەبا، تەلەفۆن و ئەنتەرنێتی ئەو ناوچەیە پچڕاوە. سێ بەنداوی ئەم پارێزگایە سەرڕێژ بوون.

هەر بە پێی زانیارییەکان لە شاری دروود ٢٠ هەزار کەس ئاوارە بوون و شاریان چۆڵ کردووە.

نوێنەری پول دوختەر لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی باس لەوە دەکات کە ١٥ هەزار کەس لە خەڵکی ئەم شارە ئاوارە بوون. خەڵک پەنایان بردۆتە بەر کێو و شاخەکان. ٢٠ گوند بە تەواوەتی کەتۆتە ژێر ئاو. ڕێگای هاتوچۆ و پەیوەندی بۆ ١٠٠ گوند پچڕاوە.

جگە لە پارێزگای لوڕستان، بەشێکی لە ئیلامیش بە هەمانشێوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیلامەوە بە ئاسۆی رۆژی راگەیاند کە سێ شاری، ئابدانان، بەدرە و دەرەشهر، لە ئیلام زیانی زۆری بەرکەوتووەو خەڵک لە دۆخێکی خراپدان. ئەمە لە حاڵێکدایە زۆر کەم لە هەواڵنێرییەکان باسی ئەم سێ شارو ناوچەیەی پارێزگای ئیلام دەکرێت.

هەواڵەکان لەم ناوچەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە لایەن ناوەندە بەرپرس و حکوومەتییەکانەوە بە هانای خەڵکەوە ناچن و خەڵک لە خراپترین دۆخدا دەژین. نەبوونی سەرپەنا، باران، سەرما و نەبوونی ئاوی خواردنەوە، خواردەمەنی، نەگەیشتنی خزمەتگوزاری پزیشکی و لە دەستچوونی سەرمایە و بۆ ژمارەیەکیش لە بنەماڵەکان، لە دەستچوون و مەرگی کەس و کاریان ئەو کێشانەن کە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گشتی لەگەڵیدا ڕووبەڕوون.

بەرپرسانی حکوومەتی و لەوانە بەرپرسانی سپا ڕایانگەیاندووە هیچ ڕێگایەکی پەیوەندییان نییە بە گوندەکانەوەو لە چارەنووسی خەڵک لەو ناوچانە بێ ئاگان.

خەڵکی ناوچەکە کە لەبەرپرسانی حکوومەتی و خزمەتگوزاری و پێگەیشتنی خزمەتگوزاری لە لایەن بەرپرسانەوە بێ هیوا بوون پەنایان بۆ خەڵکی ئاسایی هێناوەو داوا لە خەڵک دەکەن بە هانایانەوە بچن و لەم دۆخەدا یارمەتییان بدەن.

بۆ ئەم مەبەستە لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان کەمپەینی گشتی راگەیەندراوە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیانبەرکەوتوانی لافاوەکەی لوڕستان. کەمپەینی "لوڕستانەکەم، زاگرۆس چاوەڕێمانە" کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان رێکخراوە تا ئێستە لە لایەن خەڵکەوە زۆر بە باشی پێشوازی لێکراوەو خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان سەرەڕای ئەوەی کە خۆیان کێشەی ئابووریان هەیە و لە دۆخێکی خراپی ئابووریدان بەڵام زۆر بە گەرم و گوڕێ بەرەو بنکەکانی گەیاندنی یارمەتی بە زیانبەرکەوتوان دەڕۆن و بە ئەرکی خۆیان دەزانن یارمەتی بگەیەننە خەڵکی ئەم ناوچەیە.

بێگومان گەیاندنی یارمەتی و کۆمەك بە خەڵکی ئەم ناوچەیە جگەلەوەی کە ئەرکێکی ئینسانییە، لەهەمانکاتدا ئەرکێکی نەتەوەییە. کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ناوەند تەوەر لە مێژ ساڵە دەیهەوێت لوڕستان و لەکستان لە کوردستان داببڕێت ، بەڵام بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستان دەتوانێت ئەم ڕێسەی حکوومەت و دەسەڵاتی ناوەند تەوەر بکاتەوە بە خوری و ببێت بە هەوێنی زیاتر لەیەکتر نزیکبوونەوەو یەکبوون.

وەک چۆن لە بوومەلەرزەکەی کرماشان و دەورووبەری خەڵکی کوردستان نیشانیاندا کە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ دابڕینی ئەم ناوچانە لەیەکتر بێ ئاکامەو سەرەنجام خەڵکی کرماشان و دەورووبەری زانیان کوردبوون خاڵی پەیوەندی دەرەوەیە لە وەها دۆخێکدا، لەم کارەساتەشدا بە هاناوە چوونی خەڵکی کوردستان دەتوانێت لەهەموو ڕوویەکەوە رێسەکانی حکوومەت بکاتەوە بە خوری و لەهەمانکاتدا ببێت بەو هەوێنی یەکبوون و یەکگرتنە.


ئه‌م بابه‌ته 314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:00:03/04/2019