پیلانگێڕی ڕژیم لە جەرگەی لافاوەکانی ئێراندا

پیلانگێڕی ڕژیم لە جەرگەی لافاوەکانی ئێراندا

ئەردەڵان فەرەجی

 

لە هەزارەی سێهەمدا سەرەڕای پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی و تێکنۆلۆژی بەشەر هێشتا لافاو و سێڵاو مەترسیدارترین هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە هێشتا بەو ئاستە لە تێکنۆلۆژی نەگەیشتوون کە بتوانن پێش بەم بەڵا سرووشتییە بگرن.

ئێران یەکێک لەو دە وڵاتە ناپێشکەوتووانەیە کە لە زومرەی ئەو دە وڵاتەیە کە زیاتر لە وڵاتانی دیکەی جیهان لە بەردەم مەترسی لافاو دایە. بە پێی لێکۆڵینەوە ٣٠ ساڵەی وڵاتانی ئاسیایی لە زانکۆی نێونەتەوەیی ژاپۆن، ئێران لە چل بەڵای سرووشتی ٣٠ بەڵای تەجرووبە کردووە کە لە هەموویان زیانبارتر لافاو بووە.

بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەردەمی ئێستادا بە پێچەوانەی غاجە بەردینەکان و سەردەمانی کۆن ڕێژەی مەترسی و وێرانکاری و زیانی گیانی سێڵاو ڕەهەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بەخۆوە دەگرێت کە زۆرجاران دەبێتە هەڕەشە و قەیرانێکی قووڵ.

مرۆڤ هەر لە کۆنەوە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە بتوانێت؛ لە بەڵا سرووشتییەکان دەربازی بێت و ئەگەریش بتوانێت بە سەر سرووشت دا زاڵ بێت. بەکارهێنانی بینا هیدرۆلیکییەکان، لێدانی بەنداو و سەد، باراناوی کردنی هەورە نەزۆکەکان، دروستی کردنی کەشتی و تەیارە و باڵەفڕ و هەر ئامرازێکی دیکەی ئەمڕۆی دەستی مرۆڤ لەم پێناوەدا بووە.

هەوڵەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی پێشکەوتوو جیهان بۆ کەم کردنەوەی زەرەر و زیانەکانی کارەساتە سرووشتییەکان، ژینگەیی و یان دەستسازەکانی مرۆڤ بە سێ قۆناغ دا تێپەڕ دەبن؛

یەکەم هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ئیمکاناتی ئەمڕۆی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بەڵا سرووشتییەکان و ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە باران و لافاوە، بۆ نموونە پێشگیری لە تەراکومی جەمعییەت یان لێدانی جەنگەڵ و دارستانی دەسکرد یان خود پارێزگاری کردن لەو جەنگەڵ و دارستانە سرووشتییانە.

کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا زۆر کڵۆڵ و دەستەوەستانە و بۆ جێ بەجێ کردنی پرۆژە هەلپەرست و چاوچنۆکانەی هەموو ئەو ڕێنما گونجاو و زانستیانەی جیهانی پشت گوێ خستووە و بۆ خۆی هۆکاری سەرەکی وێرانکاری و لەناوبردنی سرووشتی ئێران بووە چ بگا بەوەی هەوڵی درست کردنی بەربەستی سرووشتی بێت بۆ لافاوەکان.

دووەم؛ پلان و بەرنامەی درێژخایەنی ناوچەیی و جێخستنی سیستمی نوێ یان چاکسازی سیستمەکان هاوتەریب و گونجاو لەگەڵ دۆخی نوێ و لێکدانەوە و پێشبینی مەترسی و هەڕەشەکان.

یەکێک لە گرنگترین کارەکان بۆ کۆنترۆڵی قەیرانی لافاو، دەستنیشان کردنی ئەو ناوچانەیە کە ئەگەری هەستانی سێڵاو و لافاوی لێدەکرێت. ئامادە کردنی نەخشە بۆ دەستنیشان کردنی خاڵە لاوازەکانی سیستمە بەرگرییەکان و دیاریکردنی ناوچە نائەمنەکان لە زومرەی کار و هەوڵە پێشگیرانەکان ئەژمار دەکرێن کە ئەمە تەنیا کاری دەوڵەتانە.

کانت فەیلەسووفی فەڕەنسی وتەیەکی هەیە کە دەڵێت؛ دەسەڵات بۆ خۆی گەندەڵی ناهێنێت، بەڵکوو ئەوە ترس لە لەدستدانی دەسەڵاتە دەبێتە هۆی گەندەڵی. ئەم ڕستەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی تاران پڕ بە پێستییەتی. سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو بەرپرسە ورد و درشتەکانییەوە دەسەڵاتداری خۆیان پێ کاتییە و پێیان وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێ بڕۆن، هەموو هەوڵێان پڕکردنی گریفان و جانتا و بانکەکانیانە، بۆیە هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە خزمەت بە خەڵک و وڵاتەکەیان بکەن. ئامادەکردنی نەخشە و دەست نیشان کردنی خاڵە لاوازەکان و بەراوردی ئیمکاناتی سرووشتی و دەسکرد بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بەڵا سرووشتییەکان و چاکسازی و گونجاندنی سیستمە کۆنەکان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆ هەرگیر پرۆژەیەک نەبووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە و بگرە ئەو بڕە سرووشتە کە یارمەتی دەری مەهار و کۆنتڕۆڵی لاوفاوەکان بووە لە کۆنەوە، وێران کردووە.

ڕاگەیاندنی پێشوەختی ئەگەری ڕوودانی لافاو کە ڕەنگە سەرەتایی ترین ئەرکی هەر دەسەڵاتێک بێت بەرامبەر بە شارۆمەندان و خەڵکی وڵاتەکەی نەکراوە و بە پێچەوانەشەوە دەنگ و ڕەنگی قۆرغکراوی ئێرانیش بە چاوپۆشی لەو ڕووداوانە هەوڵی ئاسایی نیشاندانی دۆخەکەی داوە. لە کاتێکدا کە ئەم ڕۆژانە لە کولتوری خەڵكی ئێران ڕۆژانی نەورۆز و جەژن و خۆشییە و خەڵک دەچن بۆ گەشت کردن.

هەندێک لە کاربەدەستانی ڕژیم بە بچووک نیشاندانی ئەو کارەساتە کە دەڵێن "ڕەنگە لە گوندێک وەرزێرێک بڕێک لە ئاڵف و تفاقی ئاژەڵەکانی ئاو بردبێتی، نابێت تەنیا لەناوچوونی ئاڵفەکانی ئێستای ببینێت، بەڵکوو دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو بارانە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە بەرهەم هاتنەوەی ئاڵف بۆی!" نیشانی دەدات کە ئەم ڕژیمە و ئەم دەسەڵاتە بچووکترین ئەرزش و بەها بۆ هاووڵاتیان و شارۆمەندانی وڵاتەکەیان و کێشە و گرفتەکانیان نادەن.

قۆناغی سێهەمیش بریتییە لە؛ دیاریکردنی شێوازی بنیاتنەرانە لە داڕشتن و دروست کردنی سیستەم بەرگریکارانەکان لە ناوچە مەترسیدارەکان.

دیارە ئەمەش تەنیا کاری دەوڵەتانە و بە خەڵکی ئاسایی جێ بە جێ نابێت. لێرەشدا کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی ئەوندەی لە بیری هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی خۆیان بوون بۆ جیهان و بەهێزکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و هەڵدانی موشەکی بالیستیک و دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی نەپەرژاونەتە سەر ئەم کارانە بەۆ پارێزگاریکردن لە خەڵک و وڵاتەکەی خۆیان.

وێران کردنی ٢ لە سەر سێی جەنگەڵەکانی شـمالی ئێران بۆ پرۆژە چاوچنۆک و هەلپەرستانەکانیان، پڕکردنەوەی خەندەقی مێژووی و کۆنی دەوری شیراز بۆ ئاراستەکردنی ئاوی باران، لێدانی زیاد لە پێویستی سەد و بەنداوەکان و دەیان پرۆژەی خیانەتکارانەی تری ڕژیم دژ بە سرووشت و خەڵکی ئێران بەشێکن لە بەڵگە و دیکۆمێنتەکان بۆ نالایقی و ناشایستەبوونی کۆی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا هەوڵەکان بۆ پێشگیری لە ڕوودانی کارەساتی لافاوە، بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی لەو شێوەیە قۆناغی کۆتایی کۆنتڕۆڵ کردنی قەیرانە بۆ کەم کردنەوەی زەرەر و زیانەکانی ئەو کارەساتە. ڕێکخستنی یارمەتییە مرۆڤ دۆستانەکان بە قوربانیان و لێقەواماونی ئەو کارەساتانە و نوژەنکردنەوەی شوێن و بینا خەساربەرکەوتووان و ئامادە کردنی دۆخی ژیانی ئاساییە بۆ خەڵکی زیان لێکەوتوو.

ئەوەی لێرەدا بوترێت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و کاربەدەست ورد و درشتەکانی ڕێک بە پێچەوانەی هەموو نۆڕمە جیهانی و مرۆییەکان دەجوڵێنەوە و مێژووی چل ساڵەی ئەم ڕژیمە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.

لە جەرگەی کارەساتەکە خامنەیی هێزە چەکدارەکان ئاتەش بە ئیختیار دەکات بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی لێقەوماو، بەڵام بۆچی هێزە چەکدارەکان؟ خامنەیی بە فرمانەی دەیهەوێ هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لە لایەن خەڵکەوە لەم دۆخەدا بەرامبەر بە کەم و کورتییەکانی دەسەڵات و ڕژیم لە نوتفەدا خەفە بکات. بوونی تانگ و زرە پۆشەکان لە سەر شەقامەکان تەنیا بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکە و ئەگەر خەڵکێکی وەزاڵەهاتوو دەنگ هەڵبڕن، یەکسەر هەر لە شوێنی خۆی سەرکوت و دەمکوت بکرێت. ئەمە شێوەی کۆنتڕۆڵی قەیرانە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە.

یان خود نۆژەن کردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان سپێردراوەتە بەشی زەمینی سپا، کە ئەمە جارێکی دیکە دەرخەری سیاسەتی ئابووری ڕانتی و گەندەڵی کۆماری ئیسلامییە و مەیدانێکی دیکە بۆ بە تاڵان و تاراج بردنی خەڵکی بەشمەینەت و لێقەوماوی ئێرانە.

ڕێکخستنی یارمەتییە مرۆڤ دۆستانەکان، ئەو شوێنەیە کە کۆماری ئیسلامی بەر پاژنە ئاشیلی خۆی دەزانێت. لە ساڵی ڕابردوو کە خەڵکی ئێران و کوردستان متمانەی ئەوەیان نەبوو بە دەسەڵات و دام و دەزگاکانی بۆ خۆیان، لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنی و نە ناساندنی خەڵکانێکی جێی بڕوا و متمانەی خۆیان یارمەتییەکانیان گەیاندە لێقەماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری، کە ئەم جووڵەیەکی خەڵک بە گشتی ڕەوایی و نامەشرووعییەتی دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی هەموو خەڵکی ئێران و جیهانەوە خستە ڕوو. ئەمجارە بڕیاری داوە هیچ کەس بۆی نییە جگە لە دام و دەزگاکانی خۆی یارمەتی بۆ خەڵک کۆ بکاتەوە و داخستنی یەک لە دوای یەکی حیسابە بانکەییەکانی کەسایەتی ناسراو و خۆشەویست و جێ متمانەکانی خەڵک دادەخات. جیالەوە ئەگەر وڵاتێک ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان ڕابگەیەنێت لە ترسی ئەوەی کە ئەوانە لە ژێر لەوای یارمەتی بە خەڵک دێن و ئەمنییەتی پووشاڵی و لەرزۆکی دەخەنە مەترسییەوە بەریان پێ دەگرێت.

دەربارەی نۆژەن کردنەوە و بووژانەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان کە قۆناغی کۆتایی کۆنتڕۆڵی قەیرانەکەیە

بە بەرچاوی هەمووانەوە دیارە کە کۆماری ئیسلامی پاش ٣٠ ساڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق هێشتا ئەو ناوچانەی کە تێیدا شەڕ کرابوو لە چ دۆخێکی ژیان و خزمەتگوزاری دان، هێشتا قوربانیانی بوومەلەزەکەی بەمی نزیک کرمان هەر بەدەست کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوەوە دەناڵێن، ئەوە نزیک بە ساڵ و نیوێک بە سەر بوومەلەرزەکەی کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری تێدەپەڕێ، هێشتا خەڵک لە سەرما و گەرما و مار و دوپشک و تۆفان و زریان و ڕەشەبا هەر لە چادر و خێمە و کانێکس دا دەژین.

هەموو ئەمانە دەری دەخەن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕژیمێک نالایق و ناشایستەیە کە چل ساڵە خەڵکی ئێران و سەروەت و سامان و ژیانیانی بە بارمتە گرتووە و تەنیا لە هەوڵی پڕکردنی گریفانی خۆی دا و تا سەر ئێسقان گەندەڵ بووە و بەختەوەرانە گڵۆڵەی لە لێژییە و کۆی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرەو نەمان و فەوتان دەچێت.



ئه‌م بابه‌ته 382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:11:29/03/2019