شاری سنەو بەردەوامی دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی

شاری سنەو بەردەوامی دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی

موختار ئەحمەدی

ساڵانێکە پسپۆڕانی بواری تەندرووستی و چالاکانی بواری ژینگە بە پەرۆشییەوە باسی کاریگەری پیس بوونی ئاو لە سەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دەکەن. مەبەست لە پیس بوون، پیس بوونە شیمیاییەکان، میکرۆبی و تێکەڵ کردنی ئاوی رووبار، گۆلەکان، دەربەندەکان و ئۆقیانوسەکانە کە بە هۆی گەشەی پیشە جیاوزەکان لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەو پێشکەوتوودا بەرەو زیادبوون هەنگاو دەنێت.

کاتێک کە مادە پیسەکان بە شێوەی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ بە بێ پاڵاوتن تێکەڵ بە ئاو دەبن، پیسایی ئاوەکان زیاتر دەبێت و بوونەوەرە زیندووەکان چ روەکەکان و چ زیندەوەران و گیانلەبەران تووشی ئەو ڤایرۆسانە دەبن کە لەو رێگایەوە تووشی دەبن. هەر ئەمەیش وایکردووە کە قەیرانی ئاوو ژێنگە هاوتەریب لەگەڵ یەک کە پێوەندییەکی راستەوخۆیان هەیە ببێتە قەیرانی سەرەکی جیهانی.

هۆکارەکانی پیس بوونی سەرچاوە ئاوییەکان لە چەند بەشدا دابەش دەکرێن. یەکەم پاشەڕۆمرۆیییەکان، دوهەم، لە وشکایی و ئاوی زەریاکان. دوهەم: پاشەڕۆ پیشەییەکان. سێهەم: پاشماوەکانی رادیۆئەکتیڤ. چوارەم: پاشەڕۆ نەوتییەکانن کە راستەوخۆ مرۆڤ خۆی هۆکاری بەرهەم هێنانیانەو لە پاش هەنگاو نان بەرەو جیهانی گەشە سەندووی پیشەیی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بووە.

ئێمەی کوردیش بە هۆی نادڵسۆزی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە تووشی قەیران و دەتوانین وەک پڕۆسەی مەرگی بێدەنگی کۆمەڵگا ناودێری بکەین، کە ئێستا شاری سنە لەوەها دۆخێکدا بەسەر دەبات.

بە پێی لێکۆڵینەوەو توێژینەوە مەیدانییەکان پاشماوەی ١٠ گوندی گەورەو بچووکی دەوروبەری قشڵاقی تێ دەڕژێت و ئەمەیش بووەتە هۆکاری هەرچی زیاتر پیس بوونی ئاوەکەی کە ئێستا وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە کە بە هۆی هەبوونی زۆری ڤایرۆس و میکرۆبە کوشەندەکان مەترسی تووش بوونی دانیشتوانی شاری سنە بە هەموو جۆرە نەخۆشییەکی مەترسیدار لە کورت ماوەو درێژماوەدا چاوەڕوان دەکرێت.

لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی کەوتنە خوارەوەی تانکرە نەوت هەڵگرو تانکرەکانی گواستنەوەی مادە شیمیاییەکان کە بە تانکرەکانی مەرگ ناودێر کراوون چەند جارێک وەک کارەساتی ژینگەیی هاتوونەتە ئاراوەو بەرپرسانی رژیمیش تا هەنووکە هیچ چەشنە هەنگاوێکیان بۆ گواستنەوەی ئەو جادانەی کە لە نزیک لێوارەکانی قشڵاقەوە تێپەڕ دەبن هیچ نەداوە.

بەڵام لە سوریە، لۆبنان، عێراق و یەمەن میلیاردها دۆلار داهاتی نەتەوەیی خەڵک سەرفی پڕۆژەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی شۆڕش دەکات کە بەدرێژایی دەسەڵاتی رژیم وەک ئەسڵ و بنەمایەکی انەگۆڕ ئێستاشی لە گەڵ بێت پێڕەو کردووە.

کاریگەری رژانی پاشماوەکان بە سەرچاوە ئاوییەکان رێژەی نیترات بە شێوەی بەرچاو لە ناو ئاودا زیاد دەکات و بە پاڵاوتنیش چارەسەرو کەم نابێتەوە. زۆر بوونی دەبێتە هۆکاری لاوازی جەستەو لە زۆرێک لە نەخۆشینەکان تێپەڕ دەبێت و لە ئاکامدا جەستەی مرۆڤ تووشی چەندین جۆر شێرپەنجە دەکات.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا رێکخراوی ئاوو پاشماوەکانی شاری سنە کۆبوونەوەیەکی داخراوی لە گەڵ بەرپرسانی ئۆستانداری و لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ کەم کردنەوەی رێژەی نیترات لە ئاوی قشڵاق گرت کە هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی چاوەڕوانکراو کە تێیدا چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە نەبووە.

چوون بۆ پاڵاوتن و خاوێنکردنەوەی ئاوی قشڵاق پێویست بە ئامێرو شێوازی پێشکەوتوو هەیە کە دەبێ بوودجەو ئیمکاناتێکی بۆ دابین بکرێت کە رژیم ئەو تێچووەی بۆ ناکات.

حەراسەتی رێکخراوی ئاوو پاشەرۆی شاری سنە بۆ پێشگرتن لە بڵاو بوونەوەی هەواڵ و زانیاری پێوەندیدار بە پیس بوونی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە بێجگە لە ئەستاندنەوەی بەرپرسایەتییە هەستیارەکان لە کەسانی نابەسیجی و سپاردنیان بە کەسانی بە ناو حیزبوڵاهی و خۆیی بە تایبەت لە بەشەکانی پاڵاوتن و تاقیگەکان ئەوەیشیان راگەیاندووە کە هیچ کەس بۆی نییە زانیاری پێوەندیدار بە پیس بوونی ئاوی سنە تەنانەت لەگەڵ هاوکارانی خۆیان بڵاو بکاتەوە.

ئەگەر دەرکەوێت کەسێک ئەو زانیارییانەی درکاندووە بە بێ هیچ پاساوێک لەسەر کارەکەی دەردەکرێت و مافی کارکردنی لێ دەستێندرێتەوە.ئاوی شاری سنە لە مەترسیدایەو دەبێت کۆمەڵگای مەدەنی و دڵسۆزانی تەندرووستی کوردستان بە تایبەت شاری سنە لەو بارەوە دەبێت هەڵوێستیان بێت و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی هەمیشەیی دۆژمنکارانەیان دەر ببڕن.

کۆمەڵای تەندرووست مرۆڤی خەباتکار و بوێر پەروەردە دەکات ئەگەر کۆمەڵگا نەخۆش و لاواز بێت نەوەکانیشی لاواز و لە ئاکامدا خەسار لە شۆڕش و شۆڕشگێڕانی شارێک دەدات کە بە درێژایی مێژوو هەمیشە پێشەنگی خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بووە.

سەردەمێک بە ناوی ئەنفالی سپی لە لایەن رەحیمی پارێزگاری پێشوی سنە و بەرپرسانی ئەمنیەوە ڕەچاو دەکرا دژکردەوە بنوێنن تا چیدیکە نەبینە قوربانی هەوڵە نا ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی.


ئه‌م بابه‌ته 547 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:36:01/01/2019